
یاریگا –
بڕیارە کەمێکی دیکە ئومێد خۆشناو، پارێزگای یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پلانی چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەی هەولێر ئاشکرا بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی باڵا زانیویەتی؛ پێشنیازی زیادکردنی پشتیوان شەبیب و مەحموود عەزیز لە دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراو کرابوو، بەڵام هەردوو کەسایەتییە وەرزشییەکە، داواکەیان رەتکردەوە.
ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتوونەتە رێگە چارەیەکی نوێ، ئەویش بە هێشتنەوەی ئەندامانی ئێستای هەڵبژێردراو و گەڕاندنەوەی دوو ئەندامە دەست لەکارکێشاوەکە، جیا لەمەش زیادکردنی سەفین یاسین، بۆ دەستە هەڵبژێردراوەکە و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە.
هەرچەندە هیشام بەکر دەنگی پێویستی بۆ بە ئەندامبوون بەدەستنەهێنا، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری نوێ، بۆ دەستەی هەڵبژێردراو زیاد دەکرێت.
سەرچاوەکە دووپاتیکردووەتەوە؛ نووسراوی فەرمی لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق بەتەواوی جێبەجێدەکرێت و بەمشێوەیەش، سەفین یاسین دەبێتە سەرۆکی نوێی یانەکەی قەڵا و منارە.
پێویستە چیدیکە بزانیت؟
دوای ئەوەی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر کرا و شەش ئەندام هەڵبژێردران و دواتر دووانیان دەستیان لەکارکێشایەوە، ئێستا یانەکە لە نێوان بەرداشی دەستە هەڵبژێردراوەکە و دروستکردنی دەستەیەکی کاتی دیکەدایە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئێستا تەنیا شەش یاریزان لە یانەی هەولێر ماون و پەیوەستن بە یانەکەی پایتەخت، یاریزانەکانیش بریتین لە؛ گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هیدایەت لەتیف، مستەفا قابیل، موئەیەد سەفا و هەڵگورد قەیس.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی هەولێر نزیکەی 700 ملیۆن دینار قەرزاری یاریزانەکانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، ئەگەر لە زووترین کاتدا ئەم شایستە داراییانە بە یاریزانەکان نەدرێت، مۆڵەتی بەشداریکردن (تەراخیس) بە یانەی هەولێر نادرێت و ناتوانێت بەشداریی وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یانەی هەولێر زانیویەتی، سێ سکاڵا لەسەر هەولێر تۆمارکراون، یاریزانەکان بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵایەکیان لەسەر یانەکە تۆمارکردووە و لە فیفاش دوو سکاڵا لەسەر یانەکەی قەڵاومنارە تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا هەر سێ سکاڵایەکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و مەترسی سزادرانی هەولێر هەیە.
یانەی هەولێر ساڵی 1968 دامەزراوە و پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق و دوو جاریش پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەستهێناوە.