هیلال ئۆفەرێکی نزیک لە خەیاڵ پێشکەشی ئیزاک دەکات
رۆژنامەی گاردیان دوایین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
هیلال بە توندی چووەتە نێو رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی واژۆی ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، هیلال ئۆفەرێکی گەورەی پێشکەشی ئیزاک کردووە. یانە سعوودییەکە ئامادەیە مووچەی هەفتانەی بێ باجی ئیزاک بکاتە 600 هەزار پاوەند (28.800.000 پاوەند ساڵانە)، جیا لە چەندین پاداشتی دیکە.
ئیزاک لەگەڵ نیوکاسڵ گەشتی ئاسیایی بۆ ئامادەکاری وەرزی نوێ نەکردووە، ئەوەی بە فەرمی باسکراوە، پێکانێکی سووکی ئیزاکە، بەڵام ئەوەی رۆژنامەکان باسی دەکەن، نزیکبوونەوەی ماڵئاوایی ئیزاکە.
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئێستای هیلالە و ئامادەیە پاکێجێکی گەورە بۆ گواستنەوەی ئیزاک بخاتە سەرمێزی ئەستێرەکە.
دوای بەشداری نەکردنی لە یاریی دۆستانەی نیوکاسڵ بەرامبەر سێڵتک، دەنگۆکانی جێهێشتنی یانەکەی زیادبوون، تەنانەت رۆژنامەی دەیلی مەیڵ ئاشکرایکردووە، ئیزاک بە فەرمی داوای جێهێشتنی یانەکەی کردووە.
زۆر ئەستەمە لیڤەرپوول بتوانێت ئۆفەرێکی هاوشێوەی هیلال پێشکەشی ئیزاک بکات، تەنانەت توانای لیڤەرپوولیش بۆ خەرجکردنی 120 ملیۆن پاوەند لاوازە.
لیڤەرپوول لە چەند رۆژی رابردوودا، هوگۆ ئێکیتیکێ، هێرشبەری فەڕەنسی بەبڕ 79 ملیۆن پاوەند لە ئینتراخت فڕانکفورت گواستەوە و پێشتریش فلۆریان ڤیرتزی بەبڕی 120 ملیۆن پاوەند لە بایەر لیڤەرکوزن گواستبووەوە. ئەمە جیا لە گواستنەوەی هەریەکە لە میلۆس کێرکێز لە بۆرنمس (40 ملیۆن پاوەند)، جێرێمی فریمپۆنگ لە لیڤەرکوزن (29.5 ملیۆن پاوەند) و جۆرجی مامارداشڤیڵی لە ڤالێنسیاوە (25 ملیۆن پاوەند).
بە هەژمارکردنی فرۆشتنی هەریەکە لە جاڕێل کوانسا (30 ملیۆن پاوەند بۆ لیڤەرکوزن)، کۆوامین کێڵێهێر (12.5 ملیۆن پاوەند بۆ برێنتفۆرد) و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد (10 ملیۆن پاوەند بۆ ریال مەدرید)، ئەوا خەرجی راستەقینەی لیڤەرپوول دەبێتە 235.5 ملیۆن پاوەند، بەڵام بە فرۆشتنی داروین نونێز و لویس دیاز، ئەوا ئەگەری توانای رازیکردنی نیوکاسڵییان زیاد دەبێت.