دوایین پەرەسەندن؛ ریال مەدرید یەکەم هەنگاوی بۆ گواستنەوەی کۆناتێ هاویشت
لەگەڵ لیڤەرپوول دەستی بە گفتوگۆ کردووە

یاریگا –
ریال مەدرید لەبارەی ئیبراهیما کۆناتێ پەیوەندی بە لیڤەرپوول کردووە و لەبارەی نرخی فرۆشتنی بەرگریکارە فەڕەنسییەکە پرسیاری کردووە.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەبارەی ئیبراهیما کۆناتێ بەرگریکاری فەڕەنسی پەیوەندی بە یانەی لیڤەرپوول کردووە و لێی پرسیون بە چ ئۆفەرێک ئامادەن دەستبەرداری ئەو بەرگریکارە فەڕەنسییەی یانەکەیان بن، کە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ رێدز کۆتایی دێت.
رۆژنامە فەڕەنسییەکە رایگەیاندووە، لیڤەرپوول هێشتا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆناتێ خۆی بەدەستەوە نەداوە و دەیەوێت هەرچۆنێک بێت یاریزانە 26 ساڵانەکە رازی بکات گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و هەمان سیناریۆی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد دووبارە نەکاتەوە، کە ئەم هاوینە بە گرێبەستێکی ئازاد ریزەکانی رێدزی بەجێهێشت.
Pas question, en l’état, pour les décideurs de Liverpool de quitter la table des négociations ni d’entamer un bras de fer avec Konaté. Mais dans ce dossier, le contexte a évolué ces dernières semaines
➡️ https://t.co/CiD3yaQnJb pic.twitter.com/EmkvFQHqCx— L’Équipe (@lequipe) July 20, 2025
لیکیپ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید جگە لە کۆناتێ هێشتا چاودێری دۆخی ویلیام سالیبا بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی ئارسیناڵ دەکات، بەڵام دڵنیایە لەوەی دەتوانێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد کۆناتێ بباتە ریزەکانی.
پێشتر رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردبوو، ریال مەدرید دەیەوێت هاوینی 2026 کۆناتێ بگوازێتەوە، بەڵام لیڤەرپوول دەیەوێت ئەم هاوینە بە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بەرگریکارەکەی بێت، نەوەک هاوینی داهاتوو بەخۆڕایی کۆناتێی لەدەست بچێت.
ئاس ئاشکراشیکردبوو، لەبەر ئەوەی ریال مەدرید دڵنیایە لەوەی کۆناتێ ئارەزوو دەکات بچێتە ریزەکانی لۆس بلانکۆس و درێسی یانەکە بپۆشێت، ئەو یانە مەدریدییە بە لیڤەرپوولی راگەیاندووە، ئامادەیە بەرامبەر 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ لەم هاوینە کۆناتێ بگوازێتەوە ریزەکانی.
کۆناتێ کە هاوینی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە لایزپیگەوە روویکردە ریزەکانی رێدز و ئێستا بەهایەکەی لە بۆرسەی یاریزانان 60 ملیۆن یۆرۆیە، دەیەوێت هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە ریزەکانی ریال مەدرید، بەڵام لیڤەرپوول بڕیاریداوە لەم هاوینە دەستبەرداری بێت، بۆ ئەوەی ناچار نەبێت بەخۆڕایی لەدەستی بچێت.
کۆناتێ لەگەڵ لیڤەرپوول لە 132 یاری 5 گۆڵ و 4 ئەسیستی کردووە و پێنج نازناویشی بۆ رێدز بەدەستهێناوە.