ئیسپانیاگرنگترین

پێرێز و ئاڵۆنسۆ یەکلاییان کردووەتەوە؛ ریال مەدرید لەم هاوینە کامە ناوەڕاستکار دەگوازێتەوە؟

ریال مەدرید دوای ماستانتونۆ هیچ ناوەڕاستکارێکی دیکە ناگوازێتەوە

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید لەبارەی گواستنەوەی ناوەڕاستکارێکی نوێ بڕیاری خۆی داوە و بۆ مێرکاتۆی ئەم هاوینە سەرۆکی یانەکە و راهێنەرەکەی خۆی یەکلایی کردووەتەوە.

رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکەی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە هیچ ناوەڕاستکارێک نییە لە بازاڕەکەدا بێت، لە ئاست و کواڵێتی ریال مەدرید بێت، بۆیە بڕیاریان داوە هیچ ناوەڕاستکارێک نەگوازنەوە.

گەرچی لەوەتەی چابی ئاڵۆنسۆ پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کردووە، چەند جارێک داوای گواستنەوەی ناوەڕاستکارێکی کردووە، بەڵام لەگەڵ پێرێز کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو ناوەڕاستکارانەی لەم هاوینە لە بازاڕادا هەن، هیچ زیادەیەک دروست ناکەن و ئاڵۆنسۆ بۆ وەرزی داهاتوو هەر پشت بە ناوەڕاستکارەکانی ئێستای دەبەستێت و هەوڵ دەدات ئاستیان بەرەو پێشەوە ببات.

لەم هاوینە چەند جارێک لە کاتی جیاواز دەنگۆی ئەوە هەبوو، ریال مەدرید لە نێوان شتیلەر و رۆدری و دێکلان رایس یەکێکیان بگوازێتەوە ریزەکانی.

ریال مەدرید سەرەڕای رۆیشتنی لوکا مۆدریچ و تۆنی کرووس لە یانەکە تاوەکو ئێستا هیچ ناوەڕاستکارێکی نەگواستووەتەوە و لە مۆندیالی یانەکان، ئاڵۆنسۆ زۆرتر پشتی بە ئاردا گولەر دەبەست کە ئەو یاریزانە لاوە تورکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد.

مەدریدییەکان لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە تاوەکو ئێستا 180 ملیۆن یۆرۆیان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجکردووە، کە سێیان بەرگریکارن و یەکێکیان ناوەڕاستکارە.

بابەتی زیاتر

Back to top button