
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی بکرێت، بەڵام یانەی زاخۆ ناڕازییە و تێبینی هەیە.
دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:’فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە سلێمانی بکرێت، بەڵام ئێمە تێبینیمان هەیە و بڕوامان وایە یاریگاکە بۆ ئەم یارییە تایبەت و هەستیارە ناگونجێت و گەرەنتی سەلامەتی هاندەرانی تێدا نییە، بۆیە داوامان کردووە یارییەکە لە یاریگایەکی دیکە بکرێت، هەرچەندە ئێمە ئامادەین لە هەر یاریگایەک ئەو یارییە بکەین’.
پێشتر کەناڵی رابیعە ریازی ئاشکرایکردبوو، دوای سەرکەوتنی دهۆک و زاخۆ بۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەممار فەرهاد سەرۆکی یانەی زاخۆ، پێشنیازی کردووە یاریی کۆتایی جامی عێراق لە یاریگای دهۆک بکرێت و هاندەرانی هەردوولا بە یەکسانی ئامادەبن، بەڵام یانەی زاخۆ رەتیکردووەتەوە.
کەناڵی رابیعە ریازی راشیگەیاندووە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێشنیازی کردووە هەردوو یانە بە یەکسانی هاندەرانیان لە یاریگا ئامادەبن و لە یاریگای دهۆک هاندەرانی زاخۆ و دهۆک دابەش بکرێن، بەڵام زاخۆ بە هەموو شێوەیەک ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.