جگە لە پاسەوانە تایبەتەکەی؛ لە ئینتەر مەیامی پاسەوانێکی دیکەش بۆ مێسی زیاد بوو
لەمەدوا مێسی لە مەیامی دوو پاسەوانی دەبێت

یاریگا –
دی پاول کە بە ‘پاسەوانی مێسی’ ناودەبرێت، رەزامەندیی بە ئینتەر مەیامی داوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانە ئەمریکییەوە بکات و بچێتە پاڵ لیۆنێل مێسی هاونیشتیمانی.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، رۆدریگۆ دی پاول ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی رازی بووە بچێتە ریزەکانی ئینتەر مەیامی و بە بەڵێ وەڵامی ئۆفەرەکەی یانە ئەمریکییەکەی داوەتەوە، کە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتایی دێت.
یاسین چویکۆ پاسەوانی تایبەتی مێسی لە ئەمریکا لە هەموو شوێنێک لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەیە و لەوەتەی لیۆ پەیوەندی بە ریزەکانی ئینتەر مەیامی کردووە، ئەو پاسەوانە تایبەتە بۆ مێسی دەستبەکار بووە، دی پاولیش بەهۆی شەڕەکانی لەسەر مێسی لە یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بە ‘پاسەوانی مێسی’ ناسراوە.
ناوەڕاستکارە 31 ساڵانەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و هاوینی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس کۆتایی دێت، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە 25 ملیۆن یۆرۆیە، هاوینی 2021 بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ لە ئۆدینێزی ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ کرد.
دوای ئەوەی مێسی ساڵی 2023 پەیوەندی بە ریزەکانی ئینتەر مەیامی کرد، چەند هاوڕێیەکی خۆی بردە ئەو یانەیە، لەوانە ؛لویس سوارێز و سێرخیۆ بۆسکێتس و خۆردی ئالبا چوونە یانە پەمەییپۆشەکە.