ئه‌وروپاگرنگترینمۆندیالی یانەکان

سبەی لە یارییەکەی مۆندیالی یانەکان فلۆرێنتینۆ پێرێز و ناسر خلێفی تەوقە دەکەن؟

ئێوارەخوانی پێش یارییەکە هەڵوەشێنرایەوە

Yariga App

یاریگا –

پەیوەندی نێوان پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید هەستیار و ساردە، بۆیە لە ئێستاوە هەمووان چاوەڕێی هەڵسوکەوت و کاردانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز و ناسر خلێفی دەکەن بۆ یارییەکەیان لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان.

رۆژنامەی مارکا ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە ئێستاوە ناکۆکییەکانی نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان پێش یارییەکەی سبەی لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان رەنگیداوەتەوە، رێوڕەسمی ئێوارەخوانی رۆژی پێش یارییەکە هەڵوەشاوەتەوە و سەرۆکی هەردوو یانەکە رۆژێک پێش یارییەکە ژەمی ئێوارە بەیەکەوە ناخۆن.

مارکا ئاشکراشیکردووە، گەرچی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پێریز و خلێفی هەیە و دەیەوێت هەموو شتێک بەباشترین شێوە بەڕێوە بچێت و سبەی چوارشەممە سەرۆکی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان دۆستانە و ئارام و ئاسوودە دەربکەون، بەڵام رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی نێوانیان، هەروا بە ئاسانی لەبیر نەکراون.

مارسی 2022 پەیوەندی نێوان پێرێز و خلێفی تێکچوو، کاتێک لە چامپیۆنزلیگ پاریس سانجێرمان نزیکبوو بەسەر ریال مەدریددا سەربکەوێت، بەڵام ریال مەدرید لەناکاو هەموو شتێکی گۆڕی و سەرکەوت، ئەوکات خلێفی رەخنەی توندی لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت و دوای یارییەکە یەکسەر چووە ژووری جلگۆڕین و ویستبووی پەلاماری ناوبژیوانی یارییەکە بدات و ئەمەش گرژی و پشێوی لەنێو ماڵی مەدریدییەکان دروستکرد.

دژایەتیکردنی پڕۆژەی سوپەرلیگ لەلایەن ناسر خلێفی و گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێریزەوە بەشێکی دیکەن لە ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی نێوان پاریس و مەدرید، ناسر خلێفی کە سەرۆکی کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپایە لە زۆربەی وێستگەکان دژی سەرۆکی یانە مەدریدییەکە بووە.

سبەی چوارشەممە کاتژمێر 10:00ـی شەو (بە کاتی هەولێر) ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان لە یاریگای مێتلایف لە نیویۆرک لە قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکان بەیەک دەگەن، وابڕیارە پێرێز و خلێفی لەناو یاریگا بەیەکەوە سەیری یارییەکە بکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە تەوقە لەگەڵ یەک دەکەن یان نا.

بابەتی زیاتر

Back to top button