
یاریگا –
خەریکە ریال مەدرید کۆتایی بە مەترسییەکانی لەدەستدانی ڤیسنیۆس جونیۆر دەهێنێت.
ماوەیەکی درێژە باس لە نوێکردنەوە و چوونە دەرەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر لە ریال مەدری دەکرێت، بەڵام پێدەچێت ئێستا ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکبووبێتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید و ڤینیسیۆس لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2030 رێککەوتوون و ئێستا نوێنەرانی ئەستێرەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، تاوەکو دوا وردەکارییەکانی گرێبەستەکە تەواو بکەن.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە نێوان نوێنەرانی ڤینیسیۆس و بەرپرسانی باڵای ریال مەدرید دەکرێت و بڕیار لەسەر هەموو وردەکارییەکان دەدەن. بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، ریال مەدرید ئامادەیە مووچەی ساڵانەی ڤینی بکاتە 20 ملیۆن یۆرۆ.
لەلایەکی دیکەوە، ریال مەدرید کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی تیبو کۆرتوا و براهیم دیاز دەکات.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، دیاز و کۆرتوا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان رێککەوتوون و بەمزووانە وردەکارییەکان ئاشکرا دەکرێن.
ڤینیسیۆس لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکانی وەرزی رابردوو، 22 گۆڵی بۆ ریال مەدرید کرد، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بە کیلیان ئێمباپێ کە لە یەکەم وەرزیدا 43 گۆڵی بۆ لۆس بلانکۆس کرد.
ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە سەرەتای ئەمساڵ، ئاستێکی ناجێگیری لەگەڵ یانە مەدریدییەکە پێشکەشکرد، تەنانەت لە کۆی 33 یاریدا و لە ماوەی 2611 خوولەکدا، تەنیا حەفت گۆڵ و حەفت ئەسیستی بۆ یانەکە هەبوو.