بارسێلۆنا: سەردەمی پاشەکەوت کردنی مووچە کۆتاییهات
بارسێلۆنا مووچەی پاشەکەوتکراوی هیچ یاریزانێک ناهێڵێت

یاریگا –
بارسێلۆنا دوای پێنج ساڵ، پاشەکەوتی مووچەی دوو ئەستێرەی پێشووی خۆی تەواو کرد.
تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا باجی قەیرانی دارایی سەردەمی کارگێڕی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووتری یانەکە دەدات. بڵاوبوونەوەی لەناکاوی پەتای کۆرۆنا، گورزێکی کوشندەی دارایی لە یانە کاتالوونییەکەدا دێت، ئەمەش وایکرد، مووچەی چەند ئەستێرەیەکی وەکو لیۆنێل مێسی و عوسمان دێمبێلێ پاشەکەوت بکات.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بارتۆمیۆ و دەستبەکاربوونی کارلێس توسکێتس وەکو سەرۆکی کاتیی یانەکە، سەردەمی پاشەکەوت کردنی مووچە دەستیپێکرد، تاوەکو لە مارس/ئاداری ساڵی 2021 خوان لاپۆرتا بە هەڵبژاردن بووە سەرۆکی نوێی یانەکە.
بارسێلۆنا 121.7 ملیۆن یۆرۆی مووچەی یاریزانانی پاشەکەوت کردبوو. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان یانە و یاریزانەکان، دەبووایە بارسا بە هەشت قیست، پاشەکەوتی مووچەی بە یاریزانان خەرجکرایە.
دوا قیستی مووچەی پاشەکەوت دەگاتە 16 ملیۆن یۆرۆ، کە مووچەی 20 یاریزانی تیمی یەکەم و 9 یاریزانی تیمی دووەم (بارسا ئاتلێتیک) بووە. بارسا مووچەی رۆناڵد کومان، راهێنەری پێشووتری یانەکەشی پاشەکەوت کردبوو.
بارسێلۆنا بڕی 47.5 ملیۆن یۆرۆی مێسی پاشەکەوت کردبوو، دوا قیستیشی بریتییبوو لە 5.9 ملیۆن یۆرۆ و ئەم مانگە خەرج دەکرێت.
دوا قیستی مووچەی پاشەکەوتکراوی دێمبێلێ و میرالیم پیانیچ بریتییە لە 5.1 ملیۆن یۆرۆ و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە هاوشێوەی یاریزانان دیکە خەرج بکرێت.