
یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی، خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانی ماڵاوایی لە هاندەرانی یانەی ئیسپانیۆل کرد.
خوان گارسیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ماڵاوایی لە هاندەرانی ئیسپانیۆل دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بارسێلۆنا لەگەڵ ئیسپانیۆل گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی و گارسیا دەبێتە گۆڵپارێزی نوێی بارسا.
بارسێلۆنا لەبەرامبەر بەدەستهێنانی گۆڵپارێزە 24 ساڵانییەکە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆی وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی خستووەتە سەر هەژماری ئیسپانیۆل و تەواوی بڕە پارەی گرێبەستەکەی داوە.
گرێبەستەکەی گارسیا لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ ماوەی شەش وەرز و تاوەکو هاوینی 2031 دەبێت. دوای بڵاوکردنەوەی پەیامی ماڵاواییش ناوی ئیسپانیۆلی لە بایۆی ئینستاگرامەکەی لابرد.
گارسیا یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئێستای ئیسپانیا، لە وەرزی رابردووی لالیگا خاوەنی زۆرترین گەڕاندنەوە بووە، 146 جار بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ مانەوەی ئیسپانیۆل لە ریزی یانە پلە یەکەکان.
گارسیا وەرزی رابردوو 38 یاریی بە درێسی ئیسپانیۆلەوە كرد و توانی هەشت یاریی تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.