رووداوێکی سەیر لە سێریا بی، هەموو یاریزانانی پێکهاتەی یانەیەک رەوانەی نەخۆشخانە کران

یاریگا –
دە یاریزانی سالێرنیتانا، بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران.
نیوەی پێکهاتەی سالێرنیتانا رۆژی یەکشەممە بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە لە نەخۆشخانە خەوێندران. بەگوێڕەی زانیارییەکانی دیلۆ سپۆرت، دوای پەیوەندیکردن بە ژمارە 118ی فریاکەوتن، 10 یاریزان و شەش ئەندامی ستافی یانەکە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
ئەم یانەیە دوای شکستی 2-0 بە سامپدۆریا لە یارییەکانی پلەی ئۆفی دابەزینی سێریا بی، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بەشێک لە یاریزانان تەندروستیان تێکدەچێت. یانەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمی ئاماژەی بە ژەهراوی بوونی یاریزانانی کردووە و دەڵێت، هۆکاری کێشەکە ئەو خواردنە بوو کە بەر لە یارییەکە لە هۆتێلێک لە جینەوا پێشکەشی یاریزانەکان کرابوو، کە سالێرنیتانا شەوی پێش یارییەکەی بەرامبەر سامپدۆریا لەوێ مایەوە.
هەرچەندە هەر دوێنێ بەسێک لە یاریزانەکان تەندرووستیان باشتر بوو و نەخۆشخانەیان جێهێشت، بەڵام مەشقەکانی ئەمڕۆ دووشەممە هەڵوەشایەوە و یانەکە داوای کردووە یاریی گەڕانەوەی پلەی ئۆف کە بڕیارە هەینی بەڕێوەبچێت دوابخرێت. تاوەکوو ئێستا یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڕیاری کۆتایی لەسەر گۆڕینی کاتی یارییەکە نەداوە.