
یاریگا –
پێشمەرگەی سلێمانی چارەنووسی راهێنەرەکەی یەکلایی دەکاتەوە و رەتیدەکاتەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی رێباز سەدیق قبوڵ بکات، سەرەڕای نەمانی لە تیپی یەکەمی یانەکە، دەیانەوێت لە تیپەکانی دیکە راهێنەرایەتی یانەکەیان بکات.
دوو مانگە رێباز سەدیق دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کێشاوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ نەکردووە و داوا دەکەن لە یانەکەیان بمێنێتەوە، لەکاتێکدا لەوەتەی رۆژی 7ـی ئەپرێل/نیسانەوە لە کارەکەی دابڕاوە و ئەرسەلان جەلال راهێنەرایەتی یانەکە دەکات.
وسام محەمەد سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەبارەی چارەنووسی راهێنەرەکەیان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’تاوەکو ئێستا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی رێباز سەدیقمان قبووڵ نەکردووە، ئەو کوڕی یانەکەیە، ماوەیەک پێش ئێستا بە پشتگیری ئێمە بەشداریی خولی بەدەستهێنانی بڕوانامەی راهێنەرایەتی پرۆی کرد’.
وسام محەمەد گوتیشی :’گەرچی ئێستا رێباز سەدیق لەگەڵماندا نییە و چەند یانەیەکی کوردستان ئۆفەریان پێشکەشی کردووە، بەڵام ئێمە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری نابین و دەمانەوێت بۆ وەرزی داهاتووش لە تیپێکی یانەکەمان راهێنەرایەتی بکات’.
پێشمەرگەی سلێمانی لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق دوای 34 گەڕ بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکە دێت.