تەواو؛ تۆتنهام راهێنەری نوێ دەستنیشاندەکات
ناوێکی دیاری پرێمەرلیگە..

یاریگا –
تۆماس فڕانک، راهێنەری دانیمارکی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی تۆتنهام لەئەستۆ دەگرێت.
تۆتنهام هۆتسپێرری ئینگلیزی شەممەی رابردوو ئاینج پۆستێكۆگلو راهێنەری ئوسترالی یانەكەی لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
پۆستێكۆگلو لە هاوینی 2023 پۆستی راهێنەرایەتیكردنی تۆتنهامی وەرگرت و لە 2025 و دوای دوو وەرز لە پۆستەكەی دوورخرایەوە. راهێنەرە ئوسترالییەكە لە دوای 17 ساڵ یەكەم نازناوی بۆ سپێرز بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ.
رۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردووەتەوە، تۆتنهام لەگەڵ تۆماس فڕانک، راهێنەری برێنتفۆرد گەیشتووەتە رێککەوتن و راهێنەرە 51 ساڵانییەکە رازیبووە پۆستی راهێنەرایەتی تۆتنهام وەربگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، برێنتفۆرد وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی تۆماس فڕانک داوەی 10 ملیۆن یۆرۆ لە تۆتنهام دەکات.
EXCLUSIVE: Brentford understood to be demanding compensation fee of £10 million for Thomas Frank | @Matt_Law_DT
Read more ⬇️https://t.co/DRlalCIunP#THFC | #BrentfordFC pic.twitter.com/XeZye9VyfS
— Telegraph Football (@TeleFootball) June 9, 2025
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تۆتنهام لە رێککەوتن لەگەڵ برێنتفۆرد نزیکبووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەمزووانە بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیەنێت.
تۆماس لە ئۆکتۆبەری 2018 وە راهێنەری برێنتفۆردە و تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە هەیە.
لە 317 یاریی سەرپەرشتی برێنتفۆردی کردووە، 136 یاریی بردووەتەوە، 110 یاریی دۆڕاوە و لە 71 یاریی یەکسانبووە.