چێڵسی ئەمڕۆ گرێبەستێک یەکلاییدەکاتەوە و چاوی لە بەهرەمەندێکی بۆندسلیگاشە
ئامادەکارییەکانی بلووز بۆ مۆندیالی یانەکان خێرایە

یاریگا –
چێڵسی و بۆڕووسیا دۆرتموند گفتوگۆکانیان بۆ گواستنەوەی جەیمی گیتێنز دەستپێکردووە.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، گیتێنز بگوازێتەوە ریزەکانی. هەرچەندە بلووز لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوودا پرسیاری فەرمی لەبارەی گیتێنز لە دۆرتموند کردبوو، بەڵام دوێنێ یەکشەممە، ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی یاریزانەکە کردووە.
گیتێنز بەرهەمی ئەکادیمیای چێڵسییە و پێدەچێت بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ستامفۆرد بریج.
Chelsea are in talks about buying Jamie Gittens from Borussia Dortmund. 🏴
Exclusive from @mcgrathmike 👇#TelegraphFootball #CFC https://t.co/wlrgUUOF37
— Telegraph Football (@TeleFootball) June 2, 2025
بەهۆی ناڕوونی چارەنووسی جەیدن سانچۆ کە لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو بەخواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد و بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، چێڵسی ناچارە بەبڕی 20-25 ملیۆن پاوەند گرێبەستی سانچۆ بکاتە هەمیشەیی، یاخود دەبێ بڕی پێنج ملیۆن پاوەند وەکو سزای پابەند نەبوون بە گرێبەست بداتە مان یونایتد.
بلووز خەریکی خۆرێکخستنەوەیە بۆ مۆندیالی یانەکان، لەوانەیە ئەمڕۆ گواستنەوەی لیام دێلاپ، هێرشبەری ئیپسویچ تاون بەبڕی 30 ملیۆن پاوەند تەواو بکات و گیتێنزیش بکاتە دووەم گرێبەستی هاوینە.
گیتێنز لە هاوینی ساڵی 2020 پەیوەندی بە زەردەواڵەکان کردووە و ئێستا یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندەکانی بۆندسلیگا.