فێرناندێس سێ مەرج بۆ هیلال دادەنێت؛ جێبەجێ نەکرێت وازم لێبێنن
رۆژنامەی ریازییە دوایین پەرەسەندنەکانی گواستنەوەی فێرناندێس ئاشکرا دەکات

یاریگا –
هیلال تەواوی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی بڕونۆ فێرناندێس، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد چڕکردووەتەوە.
بە سەرۆکایەتی فەهد بن نافل، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی هیلال، ئۆفەرێکی گەورە بۆ گواستنەوەی فێرناندێس ئامادەکراوە و دەیانەوێت لەم دوو رۆژە هەموو شتێک یەکلاییبکەنەوە.
مۆندیالی یانەکان لە 14ی ئەم مانگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات و هیلال دەیەوێت بە پێکهاتەیەکی تۆکمە بەشداری تێدا بکات.
یانەکانی ریال مەدرید، سالزبورگ و پاچووکا لە کۆمەڵەی هیلالن، یانە سعوودییەکە جیا لە فێرناندێس، خەریکی تەواوکردنی گواستنەوەی سیمۆنی ئینزاگییە.
رۆژنامەی ریازییە بلاویکردووەتەوە، هیلال ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی مانچێستەر یونایتد کردووە و ئامادەیە لەکۆی چوار وەرزەدا، مووچەی 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە فێرناندێس.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، فێرناندێس کۆمەڵێک مەرجی بۆ هیلال داناوە و رەتیکردووەتەوە ماوەی گرێبەستەکە بۆ سێ وەرز بێت، هەروەها لە مەرجێکی دیکەدا داوای مووچەی 30 ملیۆن یۆرۆی لە وەرزێکدا کردووە، جیا لە پاداشتی گشتی کە لە نێوان شەش بۆ هەشت ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
بڕونۆ لە وەرزی رابردوودا 57 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان لەگەڵ مانچێستەر یونایتد کرد، خاوەنی 19 گۆڵ و 20 ئەسیستە.