هەموو شتێک بزانە؛ دیاز پەیوەندی بە بارسێلۆنا دەکات؟
گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی دیاز دەبێت؟ بەهای دیاز چەندە؟

یاریگا –
لویس دیاز یەکێکە لە داواکراوترین یاریزانانی پرێمەرلیگ لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە و بارسێلۆنا گرنگی بە یاریزانەکە پیشانداوە.
لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2022، ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە لە نێوان لیڤەرپوول و تۆتنهام، تیمەکەی یورگن کڵۆپی هەڵبژارد و لەوساتەوە، بووەتە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی یانەکە.
دیاز لە کۆی 128 یاریدا 46 گۆڵی بۆ لیڤەرپوول کردووە، بەڵام لە هاوینی رابردووەوە، شەڕێکی سارد لە نێوان دیاز و دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەیە.
گرێبەستی ئێستای لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت، دیاز هەموو گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەستاندووە و لیڤەرپوولیش نایەوێت جارێکی دیکە بەخۆڕایی دەستبەرداری ئەستێرەکانی ببێت.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا زۆر بە تواناکانی دیاز سەرسامە، یانە کاتالوونییەکە دەزانێت، لیڤەرپوول بە کەمتر لە 70 ملیۆن پاوەند، رێگە بە چوونە دەرەوەی دیاز نادات.
بارسا لە هاوینی رابردوودا زۆر هەوڵی بۆ گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباودا، بەڵام لە کۆتاییدا یاریزانەکە مانەوەی لە بیلباو راگەیاند و بارسا بە دەستبەتاڵی لە پڕۆسەکە هاتە دەرەوە.
تۆڕەکە ئیسپانییەکە نووسیویەتی؛
لیڤەرپوول پێویستی بە فرۆشتنی هیچ یاریزانێک نییە، گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز کاریگەری لەسەر دیاز دروست ناکات، چونکە هەردوو یاریزانەکە لە شوێنی جیاواز یاریی دەکەن.
دیاز دەیەوێت سوود لە وەرزی داهاتووش وەربگرێت و دوای مۆندیالی 2026، مەرجەکانی خۆی بە لیڤەرپوول بڵێت، ئینجا بڕیاری جێهێشتنی ئانفیڵد بدات. چونکە ساڵی داهاتوو دەچێتە دواساڵی گرێبەستەکەی و بەمەش قسەی زاڵتر دەبێت.
El silencio de Luis Diaz a la oferta del Liverpool es más una estrategia al estilo Salah que un deseo de irse al Barça https://t.co/eIo0NTIIBG
— Relevo (@relevo) May 27, 2025
دیاز لە وەرزی رابردوودا لە کۆی 50 یارییدا 17 گۆڵ و هەشت ئەسیستی لەگەڵ لیڤەرپوول هەبوو، نازناوی پرێمەرلیگیشی بەدەستهێنا.