دوایین پەرەسەندن؛ چیرۆکی ئالڤارێز و بارسێلۆنا چی بەسەردێت؟
رۆژنامەی مارکا دوایین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ئاست بەرزی خولیان ئالڤارێز لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید، سەرنجی چەندین یانەی گەورەی راکێشاوە.
ئالڤارێز 29 گۆڵی لە یەکەم وەرزدا کرد و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی گرنگیپێدانی بارسێلۆنایە بە تواناکانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای هەموو گرنگیپێدانێک، ئالڤارێز وەرزی داهاتووش لە ئاتلێتیکۆ بەردەوام دەبێت و کەشێکی گونجاو بۆ مانەوەی لە یانە مەدریدییەکە فەراهەمکراوە.
خولیان 29 گۆڵی لە یەکەم وەرزیدا کردووە کە 17 گۆڵییان لە لالیگا کراون، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی ئاتلێتی پارێزگاری لە تواناکانی ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر سیتی بکات.
بارسێلۆنا زۆر خولیانی خۆشدەوێت!
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ گرنگیپێدانی بارسێلۆنا دەکات، هەرچەندە هیچ شتێکی فەرمی نییە، بەڵام میدیاکانی کاتالوونیا جار جارە بە هەواڵەکانیان، بەرپرسانی باڵای ئاتلێتیکۆ نیگەران دەکەن.
کاندیدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتووی بارسێلۆنا، دەیانەوێت ئالڤارێز وەکو بانگەشەی خۆیان بەکاربهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵابوونەوەی دەنگۆی بەردەوامی پەیوەندیکردنی جاڵجاڵووکەکە بە بارسا.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئاگاداری ئاتلێتیکۆ دووپاتیدەکاتەوە، لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا هیچ شتێک روونادات، بەڵام ئالڤارێز لە داهاتوودا بەردەوام لە نێو بازنەی گرنگییەکانی بارسا دەمێنێتەوە و ئاتلێتی هەموو شتێک بۆ هێشتنەوەی خولیان دەکات.