ئه‌ڵمانیاراپۆرتی تایبەتکوردستانگرنگترین

هەڵپەڕکێی کوردی ملانێ؛ ئاهەنگگێڕانە سەرنجڕاکێشەکەی دەنیز ئونداڤ دوای گۆڵکردن (وێنە)

دووەمجارە ئونداڤ لە ئەڵمانیا بە هەڵپەڕکێی کوردی ئاهەنگ دەگێڕێت

Yariga App

یاریگا –

دەنیز ئوندڤ هێرشبەری کورد سەرکردایەتی یانەی شتوتگارتی کرد بۆ بەدەستهێنانی جامی ئەڵمانیا، کە لە یاریی کۆتایی 4-2 لە ئەرمینیا بیلیفێڵدیان بردەوە و ئونداڤ لەو یارییە گۆڵێک و ئەسیستێکی کرد و هەڵپەڕکێی کوردی ‘ملانێ’ـشی کرد.

دەنیز ئونداڤ دوای مەحموود داوود یاریزانی کوردی رۆژئاوای کوردستان بووە دووەم یاریزانی کورد لە مێژوودا جامی ئەڵمانیا بباتەوە، کە پێشتر مەحموود داوود لە وەرزی 2020/2021 لەگەڵ بۆڕووسیا دۆرتموند بووە پاڵەوانی جامی ئەڵمانیا.

جارێکی دیکە ئونداڤ بە هەڵپەڕکێی ملانێ کوردبوونی خۆی بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە

ئونداڤ لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا لە خولەکی 22 ئەسیستێکی کرد و لە خولەکی 28 گۆڵێکی کرد، بەبۆنەی تۆمارکردنی گۆڵەکەی هەڵپەڕکێی ملانێی کرد، کە یەکێکە لە هەڵپەڕکێیە فۆلکلۆرە کوردییەکانی باکووری کوردستان، ئەمە یەکەمجاری نییە هێرشبەرە کوردەکەی شتوتگارت هەڵپەڕکێی ملانێ بکات، وەرزی رابردووش کاتێک لە گەڕی بیست و نۆیەمی بۆندسلیگا گۆڵی لە ئێنتراخت فرانکفۆرت کرد، ئونداڤ هەڵپەڕکێی ملانێی کورد و بە هەستێکی کوردانە ئاهەنگی گۆڵکردنەکەی گێڕا.

ئونداڤ (28 ساڵان) لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 38 یاریی شتوتگارت بەشداریی کردووە، 13 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە و سێیەم گۆڵکاری ئەم وەرزەی یانەکەیەتی، کوڕە کوردەکە لەم وەرزەی جامی ئەڵمانیا لە 4 یاری تەنیا 233 خولەک یاریی کرد، بەشداریی 4 گۆڵی کرد، 2 گۆڵ و 2 ئەسیستی بۆ شتوتگارت کرد و یانەکەی کردە پاڵەوان.

هەڵپەڕکێی ملانێ یانیش لەیزوک یەکێکە لە هەڵپەڕکێیە فۆلکلۆرەکانی باکووری کوردستان، کە ساڵانێکی دوور و درێژە کوردانی باکووری کوردستان لە گوندەکان ئەم جۆرە شاییە دەکەن و بووەتە بەشێک لە سیمبوڵ و ناسنامەی کوردان.

لە شارۆچکەیەکی باکووری کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

دەنیز ئونداڤ 19ـی یۆلیۆ/تەممووزی 1996 لە ماڵباتێکی کورد لە شارۆچکەی ڤارێل لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، ئونداڤ و ماڵباتەکەی بە رەسەن خەڵکی شارۆچکەی وێرانشارن لە شاری ئورفا کە کەوتووەتە پارێزگای رحا لە باکووری کوردستان.

کۆتایی ساڵی 2023 کاتێک دەنیز ئونداڤ یاریزانی ئێستای یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی لەلایەن هەڵبژاردەی تورکیاوە بانگهێشتکرا بۆ ئەوەی یاریی بۆ هەڵبژاردەکە بکات، ئەو یاریزانە کوردە گوتی ‘ئەز کوردم و نامەوێت یاریی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا بکەم و چاوەڕێ دەکەم بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکرێم’.

ئونداڤ بۆ دوو یارییەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو بانگهێشتکراوە، کوڕە کوردەکە یەکێکە لەو 23 یاریزانەی لەلایەن جولیان ناگلیسمان راهێنەری مانشافتەوە بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە قۆناخی پێش کۆتایی و کۆتایی نەیشنزلیگ بانگهێشتکراون.

کاروانی وەرزشی ئونداڤ؛ لە خولی پلە چواری ئەڵمانیاوە بۆ لوتکەی بۆندسلیگا

ئونداڤ لە یانەی هاڤێلسی ئەڵمانی کە لە ریزی یانە پلە چوارەکان یاریی دەکرد، ساڵی 2014 دەستی بە یاریی کرد، ئەو هێرشبەرە ئەڵمانییە لە ریزەکانی ئێنتراخت براونشڤیگ و مێپێنی ئەڵمانی و سەینت گیلۆیسێ بەلجیکی یاریی کردووە، هاوینی 2023 بە خواستن لە برایتنی ئینگلیزییەوە روویکردە ریزەکانی شتوتگارتی ئەڵمانی، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە، هاوینی رابردوو شتوتگارت بەرامبەر 26.7 ملیۆن یۆرۆ کردییە موڵکی خۆی و لە برایتنی کڕییەوە.

ئونداڤ کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 22 ملیۆن یۆرۆیە و تا هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ شتوتگارت هەیە، بە درێسی یانەکەی ئێستای لە 71 یاری 32 گۆڵ و 16 ئەسیستی کردووە،

ئونداڤ لەوەتەی لەلایەن ناگیلسمانەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرێت، لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە 5 یاری تەنیا 191 خولەک بەشداریی کردووە، کەچی 3 گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە، واتە لە هەر 64 خولەکێک گۆڵێکی بۆ مانشافت کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button