
یاریگا –
گازی باکوور لە یاریگای خۆی لە دێڕبی کوردستان لە خولی نایابی عێڕاق رووبەڕووی پێشمەرگەی سلێمانی دەبێتەوە.
چوارشەممە ( 21ـی ئایاری 2025 ) لە گەڕی 31ـی خولی نایابی عێڕاق و کاتژمێر 4:30ـی ئێوارە، گازی باکوور لە یارییەکی بەهێز و دێڕبی کوردستان میوانداری پێشمەرگەی سلێمانی دەکات، گازی باکوور یاریی رابردوو بەرامبەر جۆلان یەکسان بووە و پێشمەرگەش لە یاریگای خۆی لە ئەمانەی بەغدای بردەوە.
نۆ یارییە لە ژێر سەرپەرشتی ئەرسەلان جەلال پێشمەرگەی سلێمانی تووشی شکست نەهاتووە، بۆ یارییەکەش تەواوی یاریزانەکان ئامادەن، گازی باکوور لە توانای گۆڵکاری تیپەکەی محەمەد ئەحمەد بێبەش دەبێت کە یاریی رابردوو کارتی سووری بەڕوودا بەرزکراوەتەوە.
گازی باکوور و پێشمەرگەی سلێمانی حەفت یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، گاز یەک یاریی بردۆتەوە و پێشمەرگە لە سێ یارییدا براوە بووە و لە سێ یارییشدا یەکسان بوونە، تیپەکەی کەرکوک پێویستی بەسەرکەوتنە بۆ ئەوەی لە خولەکە بمێنێتەوە کە ئێستا 34 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 17ـەیە، پێشمەرگەی سلێمانی بە 39 خاڵ لە ریزبەندی 10ـەی خولی نایابی عێڕاق دێت.