هاوژینی چێزنی چارەنووسی گۆڵپارێزەکە لە بارسێلۆنا یەکلایی دەکاتەوە

یاریگا –
درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی چێزنی پەیوەستە بە بڕیاری هاوژینەکەیەوە، گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکەش لەنێوان دوو رێگادایە کە ئایا ئامادەیە ببێتە گۆڵپارێزی دووەمی بارسێلۆنا یان نا.
بارودۆخی نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکەی بارسێلۆنا پێی ناوەتە قۆناخێکی ئاڵۆزەوە. لە کاتێکدا دانوستانەکان لەگەڵ یانەکەدا بەردەوامن، بڕیاری کۆتایی پەیوەندی بە گفتوگۆی خێزانی و بەتایبەتی بۆچوونی ماریا هاوسەری چێزنیەوەیە.
بەگوێڕەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆڕت، چێزنی ئۆفەرێکی لە یانە کاتالۆنیەکە وەرگرتووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی تا مانگی حوزەیرانی 2026 درێژ بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو ئۆفەرەی نەداوەتەوە. یاریزانەکە لەم بڕیارەدا جەخت لەسەر گرنگی بۆچوونی خێزانەکەی دەکاتەوە و رایگەیاندووە کە دوای راوێژکردن لەگەڵ هاوژینەکەی بڕیاری کۆتایی دەدات.
جگە لەوەش چێزنی گومانێکی گرنگی تری هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت رۆڵی گۆڵپارێزی دووەم لە دوای مارک ئەندرێ تێر شتیگن قبوڵ بکات؟ لە رووی دەروونی و پیشەگەرییەوە نیگەرانە لەوەی کە ئایا دەتوانێت بە درێژایی وەرزەکە لە پاڵنەرەکانی خۆی بپارێزێت.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە تا ئێستا لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسا چەند جارێک کۆبووەتەوە. تا ئێستا روون نییە کە ئایا دیکۆ دەتوانێت دڵنیای بکاتەوە کە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە تیپەکەدا. بەڵام پێدەچێت بڕیاری کۆتایی چێزنی زیاتر بەندە بە بنەماڵە و بابەتی کەسیی خۆیەوە. ئەمە پرسیارێکە کە بەم زووانە وەڵامەکەی دەزانرێت.
ئێستا یانەکە چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی گۆڵپارێزەکە دەکات چونکە بڕیاری ئەو دەتوانێت کاریگەری لەسەر گواستنەوەی هاوینەی بارسێلۆنا هەبێت.