راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

ئوسامە رەشید لە درێسینگ رووم: لە خولی عێراق جگە لە هەولێر یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە ناکەم

ئەمشەو ئوسامە رەشید میوانی بەرنامەی درێسینگ روومە

Yariga App

یاریگا –

ئوسامە رەشید لە نوێترین بەرنامەی درێسینگ رووم کە ئەمشەو کاتژمێر 09:00 لە چەناڵی یاریگا لە یوتیوب و فەیسبووک پەخش دەکرێت، چیرۆکەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە و چەند نهێنییەک دەدرکێنێت، یاریزانەکەی یانەی هەولێر لەبارەی داهاتووی خوی دەڵێت :’ لە خولی عێراق جگە لە هەولێر یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە ناکەم’.

ئوسامە رەشید لەبارەی یانەی هەولێر دەڵێت :’کێشەی یانەی هەولێر پارە نییە، بەڵکو کێشەکانی دەستەی کارگێڕی هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەیە، پێش ئەوەی بێمە هەولێر پێیان گوتم یاریکردن لەم یانەیە قورسە، پێش ئەوەی بێمە هەولێر یەکەمجار لەگەڵ شێرکۆ کەریم و سەرۆکی یانەکە قسەم کرد، دەستەی کارگێڕی پێشوو کاری باشیان کرد، بەڵام هەموو شتێک لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبوو، هێشتا نازانم بۆ وەرزی داهاتوو چیدەکەم، بەڵام لە خولی عێراق جگە لە هەولێر یاریی بۆ هیچ یانەیەکی دیکە ناکەم’.

ناوەڕاستکارەکەی هەولێر لەبارەی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت :’کاساس زۆر بڕوای بە من هەبوو، لەناو یاریگا زۆر جار لەبارەی پلان و تەکتیکی هەڵبژاردەی عێراق قسەمان دەکرد، متمانەم بەخۆمان هەیە و دڵنیام هەڵبژاردەی عێراق دەگاتە مۆندیالی 2026′.

ئوسامە لە درێسینگ رووم چیرۆکێکی خۆی لە یاریی بەرامبەر بەڕازیل دەگێڕێتەوە و دەڵێت :’کاتێک لە ساڵی 2014 بەرامبەر بەڕازیل یاریمان کرد، پێش یارییەکە کە لەناو ئەسانسوار چاوم بە کاکا و نێیمار و مارسیلۆ کەوت لەجێگای خۆم وشک بووم، لەو یارییە 6-0 دۆڕاین’.

یاریزانەکەی پێشووی یانەی فاینۆرد رۆتێردام و هەڵبژاردەی هۆڵەندا کە لە گەڕەکی رەحیماوە لە کەرکووک لەدایکبووە و لە تەمەنی سێ ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی چوونەتە هۆڵەندا، باسی سەربوردەی خۆی لە یانە جیاوازەکان دەکات و دەڵێت :’لەمێژبوو حەزم دەکرد یاریی بۆ یانەیەکی کوردستان بکەم، ئەگەر هەڵبژاردەی کوردستان دروست بکرێت ئێمە خاوەنی یاریزانی کوردی زۆر باشین’.

ئوسامە باسی ئەو ڤیدیۆیەش دەکات کە تۆڕی وەرزشی یاریگا گرێبەستەکەی راگەیاند و دەڵێت :’ڤیدیۆی راگەیاندنی گرێبەستەکەم لەلایەن تۆڕی وەرزشی یاریگاوە جوانترین شێوازی راگەیاندنی گرێبەستی من بوو لە ژیانمدا، من حەزم لە گۆرانییەکانی عەزیز وەیسی و جێگر میدیایە، لەگەڵ یوسف ئەمین هەمیشە بەیەکەوە گوێ لە عەزیز وەیسی دەگرین’.

درێسینگ رووم بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، بۆتان عومەر پێشکەشی دەکات و هەر جارێک لە درێسینگ روومی یاریگایەک میوانداریی ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کوردستان دەکات، ئەمشەو کاتژمێر 09:00 نوێترین ئەڵقەی لە فەیسبوول و یوتیوب بڵاو دەبێتەوە، ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق نهێنی و چیرۆکەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button