
یاریگا –
بەفەرمی راوول ئاسێنسیۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیسی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی کچێکی هەرزەکار دادگایی دەکرێت.
بەشێوەیەکی فەرمی دادگای لێکۆڵینەوەی ژمارە سێی سان بارتۆلۆمی دی تیراجانا لە گران کاناریا بڕیاریدا راوول ئاسێنسیۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیسی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی کچێکی هەرزەکار دادگایی بکرێت و ئەستێرەکەی مێرێنگی بێتاوان نییە.
چیرۆکی کەیسەکە چییە؟
لە 15ـی حوزەیرانی 2023 راوول ئاسێنسیۆ لەگەڵ سێ یاریزانی دیکەی پێشووی ئەکادیمیای ریال مەدرید، ئەندرێس گارسیا، فێران رویز و خوان رۆدریگێز کاتیان بەسەربردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کادینا کۆپێ لەو رۆژەدا سێ هاوڕێکەی ئاسێنسیۆ سێکسیان لەگەڵ دایک و کچێک کردووە، کە کچەکە تەمەنی 16 ساڵ بووە. دواتریش گرتەی سێکسی کچەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
کۆپێ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاسێنسیۆ لە دوو تاوانیان بێتاوانە، لە تاوانی یەکەم کاتێک سێ هاوڕێکەی ئاسێنسیۆ لە کابینەیەک لەگەڵ کچە هەرزەکارەکە سێکسیان کردووە ئاسێنسیۆ بەشدار نەبووە و لەوکاتەدا لەدەرەوەی کابینەکە لە حەوزێکدا کاتی بەسەربەردووە. کاتێکیش هاوڕێکانی ڤیدیۆی قوربانییەکەیان تۆمارکردووە راوول لەوێ نەبووە و لەوەشیان بێتاوانە.
کەوایە تاوانەکەی روول چییە؟
بەگوێرەی راپۆرتەکەی کۆپێ، شەش رۆژ دوای رووداوەکە و لە 21ـی حوزەیران، راوول ئاسێنسیۆ لە گروپی واتس ئەپ داوای لە هاوڕێکانی کردووە ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بۆ بنێرن کە تۆماریان کردووە و هاوڕێکانیشی بۆیان ناردووە و لەنێوان خۆیان هاوبەشییان پێکردووە و دواتر گرتەکە بڵاوکراوەتەوە.
بۆیە دادگای گران کاناریا بڕیاریداوە راوول ئاسێنسیۆ بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی کچێکی خوار 18 ساڵ دادگایی بکات و بڕیارەکەش پێش یاریی شەوی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر ریال مایۆرکا دەرچووە.
بەگوێرەی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە کۆی تۆمەتەکانیش بریتین لە پێشێلکردنی تایبەتمەندی، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک بەبێ رەزامەندی قوربانییەکان، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نایاسایی بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە، بەکارهێنانی هەرزەکارێک لە ناوەڕۆکی پۆرنۆگرافیدا، و هەڵگرتنی کەرەستەی قەدەغەکراو.
بۆیە بەپێی بڕیاری کۆتایی دادوەر راوول ئاسێنسیۆ لەگەڵ سێ هاوڕێکەی دیکەی دادگایی دەکرێت، ئەگەر ئەم تۆمەتەی بەسەردا ساخ بێتەوە ئەوا لەوانەیە پێنج ساڵ زیندانی بکرێت.
هەر بەهۆی ئەو رووداوەش، ئاسێنسیۆ لە زۆربەی یارییەکانی ئەم وەرزە لەلایەن یاریزانانی تیپی بەرامبەر هێرشی کراوەتەسەر و بە دەستدرێژیکەر بۆسەر منداڵان ناوی هێنراوە.
👨🏻⚖️ Lo que hizo Raúl Asencio para que el juez le procese en el caso por el que se le investiga: “Se autoincrimina”
🎧 Ángel García detalló en El Partidazo de COPE qué hizo y qué no hizo el jugador del Real Madridhttps://t.co/9zPVufPKHH
— El Partidazo de COPE (@partidazocope) May 15, 2025