دوایین پەرەسەندن؛ رۆدریگۆ پەیوەندی بە کام یانە دەکات؟
" لە ریال مەدرید تووڕەیە"

یاریگا –
رۆدریگۆ گۆس هێرشبەری بەڕازیلی ریال مەدرید بڕیاریداوە لەم هاوینە یانە ئیسپانییەکە جێبهێڵێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، رۆدریگۆ نەک هەر بڕیاریداوە ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵکو بڕیاریداوە لەم وەرزە بەشداریی هیچ یارییەکی دیکەی یانەکەی نەکات و لە مێرکاتۆی هاوینە ماڵاوایی لە یانەکە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، رۆدریگۆ بەتەواوی لە ریال مەدرید نیگەرانە، چونکە وەرزی رابردوو سەرنجی سەرجەم میدیاکان لەسەر بێڵینگهام بوو لەم وەرزەش کیلیان ئێمباپێ هەموو سەرنجەکانی بۆخۆی راکێشاوە و رۆدریگۆ بڕوای وایە بەتەواوی پشتگوێخراوە و جێهێشتنی یانەکە لەمکاتەدا بە بڕیارێکی دروست دەزانێت.
دوێنێ کارلۆ ئانچێلۆتی رایگەیاند، لە مەشقەکان قاچی رۆدریگۆ تووشی پێکان بووە بۆیە بۆ یارییەکەی ریال مایۆرکا دوورخراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا قسەکانی کارلۆ ناڕاستن، رۆدریگۆ پێکانی نییە، هەفتەی رابردووش نەخۆش نەبووە و بە ئەنقەست بەشداریی کلاسیکۆی نەکردووە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشبەرە بەڕازیلییەکە ئێستا ماڵەکەی خۆی جێناهێڵێت و لە دۆخێکی دەروونی خراپدایە، دوای گەیشتنی چابی ئاڵۆنسۆش رەنگە دۆخەکە خراپتر بێت چونکە پێشبینی دەکرێت ئاڵۆنسۆ بەشێوەی سەرەکی پشت بە ئێمباپێ، ڤینی و بێڵینگهام ببەستێت و رۆدریگۆ لە پلانە سەرکییەکانی نەبێت.
مارکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ریال مەدرید رێگری لە رۆیشتنی یاریزانەکە ناکات، چونکە لە ئاستەنگییە بەردەوامەکانی بێزارە و ئامادەیە دەستەبەرداری ببێت.
بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیاش، ئارسیناڵ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانە 24 ساڵانییەکە چڕکردووەتەوە، مانچێستەر سیتیش یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی ئارەزووی گواستنەوەی دەکات و خودی پێپ گواردیۆلا سەرسامی خۆی بە یاریزانەکە دەربڕیووە.
هاوکات رۆدریگۆ وەرزی رابردوو ئۆفەرێکی فەرمی مانچێستەر سیتی رەتکردەوە و ئامادە نەبوو یانەکەی جێبهێڵێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە و پێدرچێت چیرۆکی نێوان رۆدریگۆ و ریال مەدرید کۆتایی هاتبێت.
#Lomáscomentado | Rodrygo no se ve en el Real Madrid y por eso no quiso jugar en Barcelona https://t.co/6AKnwSBuwD
— MARCA (@marca) May 14, 2025