راپۆرتێکی وردی دارایی؛ ریال مەدرید مایەپووچ دەبێت؟
دەبێ سەرجەم ریال مەدریدییەکان ئەم راپۆرتە داراییە بخوێننەوە و شارەزای عەقڵیەتی پێرێز بن

یاریگا –
بەمدووایە زۆر باس لە بوونی قەیرانی دارایی قووڵ لە یانەی ریال مەدرید دەکرێت، ئەگەر گەڕانێک بەنێو پلاتفۆڕمەکاندا بکەیت، چیرۆکی جیاوازت بەرچاو دەکەوێت.
هەرچەندە باس لە قازانجی دارایی یەک ملیار یۆرۆیی دەکرێت و لە کاتی دانەوەی قەرزەکانی نوێکردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ئەوا مەدرید هەنگاو دەنێتە قۆناخێکی زێڕین. لەلایەکی دیکەوە، نوێکردنەوەی یاریگا بە بڕی یەک ملیار یۆرۆ، دۆخی دارایی یانەکەی قورس کردووە، بۆیە سیاسەتێکی توند و وشکی لە بازاڕی گواستنەوەکان گرتووەتەبەر.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و وردبینی پێگەی ماناجینگ مەدرید (Managing Madrid) دۆخی دارایی یانە شاهانەکە سەقامگیرە و لە هاوینی ئەمساڵدا، ئەگەر دەستەی کارگێڕی رووناکی سەوز هەڵبکات، ئەوا یانەکە دەتوانێت وەبەرهێنانی گەورە و فراوان لە گواستنەوەی یاریزاناندا بکات.
دوای سەردەمی پەتای کۆرۆنا، ریال مەدرید یەکێک لە بەهێزترین بوودجەکانی گشتی لە تەواوی یارییەکانی وەرزشیدا ئامادەکرد، بوودجەی ریال مەدرید سەرنجی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دانابوو؛
Can Real Madrid spend €100M+ this summer and still stay financially healthy?
The answer lies in 3 numbers: 45%, 14%, and €40M.@MattW_MM breaks it all down — and clarifies confusion around the “concert crisis.” https://t.co/BM8diNHifi— Managing Madrid (@managingmadrid) May 2, 2025
مووچەی یاریزانان وەک رێژەیەک لە داهات
پڕۆسەکە ناوبنێیت دیسپلین یاخود خۆگرتنەوەی ستراتیژی، ریال مەدرید بە وردی سەرنجی لەسەر پاراستنی پەیکەربەندی مووچەی توند و پلەبەندی بووە، کە هاوتەریب لەگەڵ داهاتدا گەشەدەکات. ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەت لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، کاتێک داهاتی گشتی بەڕێژەی 15-20% دابەزی بەڵام مووچەکان وەک خۆیان مانەوە یان بەرزبوونەوە، ئەمە فشارێکی زۆری لەسەر تەواوی یانەکانی دیکە دروستکرد.
پێوەری گرنگی دارایی لە تۆپی پێدا بریتییە لە هاوکێشەی رێژەی مووچە لە داهات، وایە؛ چ بڕێک لە کۆی داهاتی یانەیەک بۆ مووچەی یاریزانان خەرج دەکرێت. لە سەردەمی کۆرۆنادا، ئاستی مووچەی یاریزانانی ریال مەدرید گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و 70%ی رێژەی رێگەپێدراوی لەلایەن کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا تێپەڕاند.
بەڵام دوای وەرزی 2021/2022، داهاتی یاریگا جارێکی دیکە گەڕایەوە گەنجینە یانەکە و گرێبەستی گارێس بەیڵ، ئیدێن ئازارد و مارسێلۆ تەواوبوون، کە بارگرانییەکی زۆری لەسەر یانەکە دروستکردبوو. لەو ساتەوە ریال مەدرید بەردەوام پارێزگاری لە رێژەی 50% کرد، کە ئەمەش رێژەیەکی نموونەییە. بەگوێرەی داتاکانی ئێستا، ریال مەدرید 45%ی خەرجییەکانی بۆ مووچەیە، ئەمەش رێژەیەکی سەرنجڕاکێشە، تایبەت سەرەڕای گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ.
رسووماتی گواستنەوە وەکو رێژەیەک لە داهات
گرنگە پارێزگاری لە پەیکەربەندی مووچە بکرێت، بەڵام پێویستە یانەکان بە وریاییەوە پڕۆسەی خەرجیی لە گواستنەوەکاندا بەڕێوەببەن. ئەم پڕۆسەیە دەمانگوازێتەوە بۆ چەمکی بەکارهێنانی دارایی (Amortization). ئەمە بە نموونەییترین رێگەی دابەشکردنی یەکسانی پارەی گواستنەوەی یاریزانان دادەندرێت. بۆ نموونە؛ ئەگەر ریال مەدرید یاریزانێک بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ بگوازێتەوە، ئەوا تێچووی تۆمارکراوی گرێبەستەکە 20 ملیۆن یۆرۆیە لە ساڵێکدا.
ئەگەر بە شێوەیەکی پراکتیکی لێکدانەوە بۆ ئەم پڕۆسەیە بکەین، ئەگەر ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا، یاریزانێک بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە، ئەوا بە واتای راماڵینی گەنجینەی هاوینە نابێت، بەڵکو ریال مەدرید تەنیا 20 ملیۆن یۆرۆی گرێبەستەکە دەدات، پارەی ماوە، بەرەبەرە دەدرێتەوە و بەسەر ماوەی گرێبەستەکە دابەش دەکرێت.
لە وەرزی 2020-21، ریال مەدرید پارەیەکی زۆری لە هازارد، یوڤیتیچ، میلیتاو، مێندی و رێنیێر خەرجکرد و ئەمەش رێژەی خەرجییەکانی داهاتی گەیاندە 23%. رێژەی خەرجییەکانی داهات لە ساڵانی 2020 و 2021 بەناجێگیر دادەندرا، بەڵام لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا و لەڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە، ریال مەدرید رێژەی بەکارهێنانی خەرجی لە داهاتی بۆ 14% کەمکردووەتەوە.
گەشەکردنی داهات
سەرچاوەکانی بەردەستی ریال مەدرید بریتین لە؛ یارییەکان، سپۆنسەری، کۆمپانیاکانی بازرگانی روو لە گەشەکردندان. لە سێ چوار ساڵی رابردوودا، داهاتەکە دوو تاوەکو سێ ئەوەندەی لێهاتووە، تاکە داهات کە وەکو خۆی ماوەتەوە، مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی یارییەکانە.
ریال مەدرید لە بەهای نێودەوڵەتیبوونی خۆی تێدەگات و بەردەوام بەدوای سەرچاوەی نوێی داهات دەگەڕێت، لە کۆتاییدا گەشەی داهات، بووە بزوێنەری سەرەکی پشتی هێزی دارایی ریال مەدرید، چونکە تاوەکو داهاتەکانی مەدرید زیادبێت، ئەوا توانای وەبەرهێنانی لەگواستنەوەی یاریزانان و زیادکردنی مووچە زیاد دەبێت.
ئێستا باسی کێشە گەورەکە دەکەین کە کەس باسی ناکات؛ تێچووی یاریگاکە چەندە؟ کێشەی کۆنسێرتەکان و داهاتی لەدەستچوو چییە؟ ئایا ریال مەدرید زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆی خەرج نەکردووە؟ ئێستا مەترسی لەدەستدانی سەدان ملیۆن یۆرۆی دیکەی لەسەرە؟
با بابەتەکە سادە بکەینەوە؛ داهاتی لەدەستچووی کۆنسێرتەکان زۆر کەمە و ناچنە نێو تێنووسی دارایی، چونکە کاریگەرییەکانی زۆر کەمن و لە 10 ملیۆن یۆرۆ سنووربڕ ناکات، چونکە بەشێکی زۆر لە کۆنسێرتەکان راگیراون یاخود هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمەش بەهۆی سکاڵای دراوسێیانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ژاوەژاوی یاریگاکە لە کاتی بوونی کۆنسێرتەکان.
دەستاودەستکردنی نەختی و توانای دانەوەی قەرزەکان
بەگوێرەی لێکدانەوەی دارایی بێت، داهاتی ریال مەدرید بەخێرایی گەشە دەکات و خەرجییەکانی مووچەی یاریزانان کۆنتڕۆڵکراوە. لە بازاڕی گواستنەوەکانیش، ریال مەدرید بە وریاییەوە مامەڵە دەکات.
نۆژەنکردنەوەی یاریگای بێرنابیۆ پێویستی بە قەرزێکی 1.2 ملیار یۆرۆیی هەبوو، ریال مەدرید پێویستە قەرزەکە بە سوودی 3% لەماوەی 30 ساڵدا بداتەوە، واتە ساڵانە نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ دەبێ بداتەوە قەرز.
ریال مەدرید ساڵانە لەڕێی مامەڵەی بانکییەوە 100-300 ملیۆن یۆرۆ وەکو پارەی نەختینەیی لە هەژمارە بانکییەکانی هاتووچۆ پێدەکات، هەروەها یەدەکی نەختینەییشی لە نێوان 85-250 ملیۆن یۆرۆیە (پاشەکەوتی سەلامەتی).
ریال مەدرید جگە لە قەرزی یاریگا، هیچ قەرزێکی ئەوتۆی لەسەرنییە، واتە سەرنجی تەواوی لەسەر دانەوەی قەرزی یاریگاکەی دەبێت کە بە زۆری لە بانکەکانی ئەمریکای قەرزکردووە.
پووختەی راپۆرتەکە؛ یاریگای نوێی ریال مەدرید بارگرانییەکی گەورەی دارایی نییە، چونکە بزوێنەرێکی گەورەی پەیداکردنی داهاتە و دارایی یانەکە بەردەوام لە گەشەکردن دەبێت.
پوختەی قسە: یاریگاکە بارگرانییەکی دارایی نییە. بە پێچەوانەوە—ئەو مەکینەیەکی داهاتی درێژخایەن و هاندەرێکی سەرەکییە لەپشت گەشەی دارایی بەردەوامی مەدریدەوە.
باری دارایی مەدرید لە پێنج ساڵی رابردوودا زۆر بەباشی سەرپەرشتیکراوە و ئێستا ئامرازی گەورەی بۆ بەردەوامیدان بە گەشەی دارایی هەیە.