لە ئالۆنسۆوە بۆ ریال مەدرید: ئەم سێ یاریزانەم دەوێت
راهێنەرە ئیسپانییەکە لیستێکی سێ یاریزانی داوەتە بەرپرسانی ریال مەدرید

یاریگا –
ئاڵۆنسۆ لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدرید کردووە، راهێنەرە ئیسپانییەکە لیستێکی سێ یاریزانی داوەتە بەرپرسانی ریال مەدرید.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا ئاشکرایکردووە، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری چاوەڕوانکراوی ریال مەدرید داوای گواستنەوەی هەریەکە لە جۆتان تا بەرگریکار و فلۆریان فیرتز هێرشبەری بایەر لیڤەرکوزن و مارتن زوبیمێندی ناوەڕاستکاری ریال سۆسیدادی کردووە.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، ئاڵۆنسۆ ناوی سێ یاریزانی داوەتە بەرپرسانی ریال مەدرید بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینە بیانگوازنەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە دووانیان ئێستا لە بایەر لیڤەرکوزن لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیسپانییەکە یاریی دەکەن و ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکەش لە یانەی پێشووی ئاڵۆنسۆ یاریی دەکات.
جۆناتان تا پێشتر رایگەیاندووە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن نوێ ناکاتەوە، بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لە کۆتایی ئەم وەرزە دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد لە یانەکە بڕوات، بەڵام لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە هەیە پێشوەختە لەگەڵ بارسێلۆنا رێککەوتووە بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی ئەو یانە کەتەلۆنییە، نرخی مارتن زوبیمێندیش دەگاتە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ و ئارسیناڵیش دەمێکە چاوی لەسەر ئەم یاریزانەیە.
گەرچی دوێنێ سانتی ئۆنا رۆژنامەنووسی ئەڵمانی رایگەیاند فلۆریان فیرتز بە شێوەی زارەکی لەگەڵ بایرن میونشن رێککەوتووە، بەڵام ئەو یاریزانە لاوە ئەڵمانییە یەکێکە لە داواکارییەکانی ئاڵۆنسۆ، کە یانەکانی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتیش چاویان لەسەریەتی.