دوایین پەرەسەندن؛ ریال مەدرید لەبارەی هەر سێ گۆڵپارێزەکەی بڕیار دەدات

یاریگا –
لونین لە سەرەکیببوونی لە ریال مەدرید بێ هیوابووە و خەریکە لەبارەی ئەو چەند ئۆفەرەی پێیگەیشتووە گفتوگۆ دەکات، ریال مەدریدیش بەنیازە گۆڵپارێزەکەی خۆی لە پرێمەرلیگ بگەڕێنێتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئاندریێ لونین گۆڵپارێزی ئۆکراینی لەسەر کورسی یەدەکی ریال مەدرید بوو، ئەو گۆڵپارێزە بێ هیوابووە لەوەی ببێتە گۆڵپارێزی ژمارە یەکی یانەکەی، یان دەرفەتی پێبدرێت.
مارکا راشیگەیاندووە، لە رۆژانی رابردوو خۆرخێ مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانی لونین لەبارەی دۆخی گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە قسەی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە و پێی راگەیاندوون چەند یانەیەک گرنگی پێدەدەن و دەیانەوێت بیگوازنەوە، گاڵاتەسەرای تورکی یەکێکە لەو یانانەت گرنگی تەواو بە لونین دەدات.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، لونین کە هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێکردەوە، پێشبینی نەدەکرد ئەم وەرزە دەرفەتی یاریکردنی هێندە کەم بێت، بۆیە دەیەوێت ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت کە تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ لۆس بلانکۆس هەیە.
Courtois renovará dos años: el Madrid se salta con él su norma con los mayores de 30 https://t.co/8HimBBIXH4
— Relevo (@relevo) April 29, 2025
لەلایەکی دیکە، تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بەنیازە گرێبەستی تیبۆ کۆرتوا تاوەکو هاوینی 2028 نوێبکاتەوە، گەرچی ئەو گۆڵپارێزە بەلجیکییە تەمەنی گەیشتووەتە 32 ساڵ، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت لە نەریتی خۆی لابدات و گرێبەستی ئەو گۆڵپارێزە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە، لەکاتێکدا لە یانە مەدریدییەکە هیچ یاریزانێکی سەروو 30 ساڵ لە ساڵێک زیاتر گرێبەستەکەی نوێ ناکرێتەوە.
رێلێڤۆ راشیگەیاندووە، لەبەر ئەوەی ریال مەدرید بەنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆرتوایە، رۆیشتنی لونین لە یانەکە نزیکتر دەبێتەوە، کە هەمیشە وەکو سپێری کۆرتوا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.
تۆڕی وەرزشی رێلێڤۆ ئاشکرایکردووە، ئەگەر لین ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، ئەوا یانە مەدریدییەکە کیپا دەگەڕێنێتەوە یانەکەی کە ئەو گۆڵپارێزە بە خواستن لە یانەی بۆرنمۆسی ئیسپانی یاریی دەکات. ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز و یاریزانانی یانەکە ویستراوە، بۆیە بەربژێرە بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی ئەم هاوینە بگەڕێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.