
یاریگا –
مارکوس بابێل، بەرگریکاری پێشووی لیڤەرپوول و بایرن میونشن باسی ئەگەرەکانی بوونی یورگن کڵۆپ بە راهێنەری لیڤەرپوول دەکات.
مشتومڕەکان لەسەر شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی لە ریال مەدرید زۆرن، بەڵام ناوی چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری بایەر لیڤەرکوزن و یورگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول زۆر دەهێندرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکای نزیک لە ریال مەدرید بێت، تاوەکو ئێستا بە نوێنەرایەتی ریال مەدرید دوو جار پەیوەندی بە کڵۆپ کراوە، تاوەکو نیازی راهێنەرەکە بزانن و بەگوێرەی وەڵامەکەی هەنگاوبنێن.
بابێل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکا دووپاتیدەکاتەوە، زۆر ئەستەمە کڵۆپ ببێتە راهێنەری ریال مەدرید، چونکە وزەی نەماوە.
دڵنیانیم جارێکی دیکە کڵۆپ بگەڕێتەوە راهێنەرایەتی، پێموانییە وەکو بەڕێوەبەریش بگەڕێتەوە لیڤەرپوول، پێموانییە پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید قبووڵ بکات.
کڵۆپ چیدیکە وزەی پێویستی نییە، چونکە فشارەکانی ئێستا زۆر بەرزن و لە ریال مەدرید فشارەکە لە لیڤەرپوول زیاترە. ئێستا کڵۆپ ژیانێکی زۆر باشی هەیە و چێژی لێوەردەگرێت و خەریکی پڕۆژەیەکی گەورەیە لە رێد بووڵ، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی ببێتە راهێنەری ریال مەدرید؟
کڵۆپ ئامادەنەبوو لە لیڤەرپوول بەردەوام بێت و پۆستی راوێژکاری لە کۆمپانیایەکی گەورەی وەکو رێد بووڵ وەرگرت، بەڕێوەبەری کارەکانی هیچ قسەیەک لەبارەی ریال مەدرید ناکات و بابێل لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت؛
پێموایە پۆستەکەی رێد بووڵ زۆر گونجاوە بۆ کڵۆپ، چونکە زۆر کارناکەیت و لە کەمپی مەشقەکان ئامادەنابیت و رۆژانە گەشتی وڵاتان ناکەیت.