
یاریگا –
بیروبۆچوونەکان لە نێو ریال مەدرید بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی ئەرێنین، سەرەڕای لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا و دۆڕاندنی یاریی کلاسیکۆ.
تۆڕی رێلێڤۆ بەپەشت بەستن بە سەرچاوەیەکی نێو یانەکەوە دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسانی ریال مەدرید لە ئاستی گشتی یانەکە رازین و تەنانەت پێیان وایە، بەهۆی دوو هەڵەی کەسییەوە نازناوەکەیان لەدەستداوە، ئەگەرنا ئانچێلۆتی و یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەشکرد.
تۆڕەکە روونیکردووەتەوە، بڕیارێکی پێشوەختەی دوورخستنەوەی ئانچێلۆتی لە پۆستەکەی دوای یارییەکەی کلاسیکۆ هەبوو، بەڵام بەو مەرجەی بارسا ژمارەیەکی زۆر گۆڵ بکات و ریال مەدرید ‘ریسوا’ بکات، بەڵام مەدرید رێگەی نەدا بارسا ئامانجەکەی بهێنێتە دی و ئەمەش کارلۆی لە پۆستەکەی هێشتەوە.
ریال مەدرید ئامادەکاری ئاهەنگی ماڵئاوایی ئانچێلۆتی ئامادەکردووە، کارگێڕی یانەکە دەیەوێت بە جوانترین شێوە ماڵئاوایی لە ئانچێلۆتی بکەن، وەکو ماڵئاواییکردن لە یەکێک لە ئەفسانەکان بەڕێیدەکەن.
ئانچێلۆتی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی لالیگا دەدات، بە تایبەت دەیەوێت دوا یاریی کلاسیکۆی خۆی بەرامبەر بارسێلۆنا بباتەوە، تاوەکو ماڵئاواییەکەی تەواو گونجاوبێت.
کارلۆ تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە، دەبێتە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی بەڕازیل، چونکە ماوەیەکی درێژە نوێنەرانی یەکێتیی تۆپی پێی بەڕازیل لە مەدریدن.
لە نێو یانەکە بڕوایەکی تەواو بە ماڵئاوایی ئانچێلۆتی لە ئارادایە و لە ئێستاوە پرسیاری شوێنگرەوەی دەکرێت.