عێراقکوردستان

نەورۆز بەرامبەر کۆتا یانەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکات

سێ یاریزانی نەورۆز بۆ یارییەکە دادەبڕێن

Yariga App

یاریگا –

نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی حدوودی خاوەن ریزبەندی کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتەوە.

لە دوا ڕۆژی یارییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یەک شەممە ( 28ـی نیسانی 2025 )  کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریگای ئەحمەد رازی لە بەغدا نەورۆز رووبەڕووی حدوود دەبێتەوە، نەورۆز بەراهێنەرایەتی قەحتان جەسیر لە هەشت یاریی رابردوودا تەنها یەک سەرکەوتنی هەیە و تا ئێستا چارەنووسی یارییەکەی زاخۆشی بۆ یەکلا نەکراوەتەوە.

بۆ ئەم یارییەش نەورۆز بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت لە توانای هەریەک لە یاریزانان راستگۆ فەریق و باکۆ عومەر و حوسێن عەباسی گۆڵپارێز، دوێنێ شەمەش بە تەواوی یاریزانەکانی تری نەورۆز کۆتا مەشقی خۆی لە یاریگای کۆنی نەفت کرد و ئامادەیە لەم یارییەوە جارێکی دیکە سەرکەوتنەکانی دەست پێبکاتەوە.

لە مێژوودا نەورۆز و حدوود پێنج یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، لە یارییەکانی نێوانیان هیچ یەکسان بوونێک نیە و نەورۆز دوو یاریی بردۆتەوە و حدوودیش لە سێ یارییدا براوە بووە، نەورۆز حەفت گۆڵی کردووە و حدوود نۆ گۆڵی تۆمار کردووە.

سوور پۆشەکانی سلێمانی 35 خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 14ـەم دێن، گەڕی داهاتووش لە یاریی لووتکەدا لە سلێمانی میوانداری شوڕتە دەکات، حدوود لە ریزبەندی 20ـو  کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت کە تەنها 17 خاڵی هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button