راپۆرتی تایبەتکوردستانگرنگترین

مارتن ئۆدیگاردی کوردان؛ مارکۆ فەرەج پێشەنگی گۆڵکارانی خولی نایابی نەرویجی گرتووە

لە وەرزی نوێ لەگەڵ یانەکەی لە پێنج یاری شەش گۆڵی کردووە

Yariga App

یاریگا –

مارکۆ فەرەج لە دەستپێکی ئەم وەرزە لە خولی نایابی نەرویج لەگەڵ سترۆمسگۆدسێتی نەرویجی ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، لەگەڵ یانەکەی لە 5 یاری 6 گۆڵی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.

مارکۆ لاوک فەرەج (21 ساڵ) لە وەرزی نوێی تۆپی پێی نەرویج لە خول و جامی وڵاتەکە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات، لە 5 یاری 6 گۆڵی کردووە، لە خولی نایابی نەوریج 4 گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە و لە جامیش 2 گۆڵی کردووە، بە 4 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.

سترۆمسگۆدسێت لەکۆی چوار گەڕی خولەکە تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکە دێت، کە پێشتر مارتن ئۆدیگارد ناوەڕاستکاری ئارسیناڵ لەم یانەیە پێگەیشتووە و ساڵی 2015 روویکردە لاوانی ریال مەدرید و دواییش بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید سەرخرا.

مارکۆ هەر لە یانەی سترۆمسگۆدسێت پێگەیشتووە و لە ریزی لاوانەوە بۆ تیپی یەکەم سەرخراوە، یەکەم وەرزە دەرفەتی یاریکردنی بە شێوەیەکی تەواوەتی پێدەدرێت، کە ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار لەلایەن خیسوس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقەوە بانگهێشتکرا و دوو یاریی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین کردووە، هەردوو یارییەکەشی لە جامی کەنداو لە کوێت بوو.

کوڕە کوردەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە دەگاتە 800 هەزار یۆرۆ، وەرزی رابردوو بە باشترین یاریزانی لاوی یانەی سترۆمسگۆدسێت هەڵبژێردرا و 20 هەزرا کرۆنی وەکو خەڵات پێدرا.

مارکۆ فەرەج کێیە؟

مارکۆ لاوک فەرەج لە 16ـی مارس/ئاداری 2004 لە گریمشتادت لە نەرویج لە دایک و باوکێکی کورد لەدایکبووە و بنەماڵەکەی خەڵکی سلێمانین، لە ریزی یانەی یێرڤی نەرویجی دەستی بە یاریی کردووە و چوار ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە یانەی سترۆمسگۆدسێتی نەوریجی کرد کە لە خولی نایابی نەرویجی یاریی دەکات، ئەو کوڕە کوردە لە باڵەکان و ناوەڕاست یاریی دەکات.

مارکۆ دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ دایک و باوکی بۆ تەواوکردنی بەڵگەنامە یاساییەکانی بۆ پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زمانی کوردی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت.

کوڕە 20 ساڵانەکە دەڵێت :’زۆر بە باشی دەزانم بە زمانی کوردی قسە بکەم، بەڵام بەداخەوە زمانی عەرەبیم باش نییە، من چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانم کردووە، سلێمانی و هەولێر دوو شاری خۆش و سەرنجڕاکێشن’.

دەشڵێت :’من هاندەری ریال مەدرید و پۆرتوگاڵم، چونکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نموونەی باڵای منە و زۆر بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەرسامم و دەمەوێت شوێنپێی ئەو هەڵبگرم’.

Image

بابەتی زیاتر

Back to top button