
یاریگا –
ناوبژیوانێکی پێشوو داوای سزایەکی توند بۆ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدرید دەکات.
ئێمباپێ لە خوولەکی 38ی یاریی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر دێپۆرتیڤۆ ئالاڤێس 0-1، بە توندی پێی نایە سەر پووزی ئانتۆنیۆ بلانکۆ و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
کێت هاکێت، ناوبژیوانی پێشووی ئینگلیزی بە فووتبۆڵ ئینسایدەری راگەیاندووە، ئێمباپێ شایەنی سڕکردنی 10 یارییە.
جووڵەکەی ئێمباپێ زۆر دڕندانە بوو، ناوبژیوان بڕیارێکی باشی بە پێدانی کارتی سووردا. دەبێ بەرپرسانی یارییەکە، رێگە بەمجۆرە جووڵانە نەدەن و ئێمباپێ بۆ 10 یاریی سزا بدەن. دەبێ رێگری لەمجۆرە رووداوانە بکەین.
هەرچەندە سڕکردن بۆ ماوەی 10 یاریی بژاردەیەکی دوورە، بەڵام لەوانەیە لانی کەم بۆ ماوەی سێ یاریی سڕبکرێت، ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ بردنەوەی لالیگا دەبێت.
ئێمباپێ چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ میوانداری ئارسیناڵ دەکات و لەوانەیە بەرامبەر یانەکانی ئاتلێتیک بیلباو و خێتافی لە لالیگا، هەروەها بارسێلۆنا لە جامی شای ئیسپانیا یاریی نەکات.