
یاریگا –
شکستی ریال مەدرید حەوت ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ئالاڤێس کۆتایی هاتنی جولیان لۆپێتێگی بوو لەسەر کورسی یەدەگی یانە شاهانەکە، ئەمشەو کارلیتۆش لە دۆخێکی هاوشێوەدایە.
ئەمشەو لە یاریگای مێندیزۆرۆزا دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، کە یارییەکی گرنگە بۆ هەردوو یانە. ریال هەوڵی نەهێشتینی جیاوازیی خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا دەدات، هەڵبژاردەی باسکیش بەدوای دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دوور بکەوێتەوە. دوایین جار کە ئالاڤێس لە یاریگای خۆی بەرامبەر ریال مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە ساڵی 2018 بوو.
ئەو یارییە لە 6ی ئۆکتۆبەردا، هەرچەندە لە هەفتەی هەشتەمی لالیگادا ئەنجامدرا، بەڵام وەرچەرخانێکی وەرزی ریال مەدرید بوو. ئەو شەوە ئالاڤێس بە گۆڵێکی کۆتا خولەکی مانۆ گارسیا لە کاتی زیادکراودا سەرکەوتنێکی مێژوویی بە ئەنجامی 1-0 بەسەر ریال مەدرید مسۆگەر کرد. ئەم دۆڕاندنە سەرەتای قەیرانێکی قووڵ بوو لە یانەکەدا کە بووە هۆی دوورخستنەوەی جولیان لۆپێتێگی دوای چەند هەفتەیەک لەدەستبەکاربوونی.
ئەم شکستە رووداوێکی ئاسایی نەبوو. ریال مەدرید سێ یاری لەسەریەک لە لالیگا تووشی شکست بوو، بەمەش ئاماری گۆڵنەکردنی بۆ 409 خولەک درێژکردەوە. بێنزیما ئامادەنەبوو، بەیڵ تووشی پێکان بوو و مارکۆ ئەسینسیۆ نەیتوانی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە کریستیانۆ بەجێی هێشتبوو. لوکا مۆدریچ کە تازە پلەی دووەمی مۆندیالی بەدەستهێنابوو و خەڵاتی باشترین یاریزانی فیفای بەدەستهێنابوو، بە ماندوویی دەردەکەوت. هەروەها تۆنی کرۆس و کاسیمیرۆ لە باشترین فۆرمی خۆیان نەبوون.
هاندەران و ئیدارەی ریال مەدرید هێواش هێواش سەبریان نەمابوو. لەناو یانەکەدا باسی جێگرەوەکان پەرەی سەند و باقی چیرۆکەکە روونە. لۆپێتێگی بەردەوام نەبوو. لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا مێرەنگی لە یاریگای کامپ نۆ لە ئێل کلاسیکۆ بە ئەنجامی 5-1 تووشی شکستێکیتر بوو و لە هەمان رۆژدا راهێنەرەکە بە فەرمی دوورخرایەوە. ژیانی راهێنەرایەتی لە ریال مەدرید تەنیا 138 رۆژی خایاند.
هەر ئەنجامێک جگە لە سەرکەوتنی ئەمشەو بە شێوەیەکی کاریگەر ریال لە بردنەوەی نازناوی لالیگا بێبەش دەکات، بردنەوەی ئالاڤێسیش بڕیاری کۆتایی بۆ راهێنەرێکی دیکەی ریال واژۆ دەکات.