شنایدەر: گۆڵەکانی دێکلان رایس دەرەنجامی هەڵەی یاریزانان و گۆڵپارێزی ریال مەدرید بوو

یاریگا –
وێسلی شنایدەر رەتیدەکاتەوە لێدانە راستەوخۆیەکانی دێکلان رایس هێندە ناوازە و دانسقە بووبێت و دەڵێت ‘هەڵەی یاریزانان و گۆڵپارێزی ریال مەدرید بوو’.
وێسلی شنایدەر ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی لە ستۆدیۆی شیکردنەوەی یارییەکەی ئارسیناڵ و ریال مەدرید لەبارەی دوو گۆڵەکەی دێکلان رایس کە بە لێدانی راستەوخۆ تۆماریکردن، دەڵێت :’من بڕوام وانییە دوو گۆڵەکەی دێکلان رایس هێندە دانسقە و بڕواپێنەکراو بن، لەوانەیە ئەم قسانەی منتان پێ نامۆ بێت، بەڵام بەمشێوەیە دەرفەت بە یاریزان بدەی شووت بکات، یاریزان بە کەیفی خۆی شووت دەکات، من وەکو یاریزانێک لەمە دەگەم’.
شنایدەر دەشڵێت :’لە گۆڵەکەی یەکەم وەستانی دیواری یاریزانان هەڵە بوو، لە گۆڵی دووەمیش کۆرتوا هەڵە بوو، هەنگاوێکی هەڵەی بۆ لای راست هاویشت، بۆیە بڕوام وایە هەردوو گۆڵەکە لە ئەستۆی دیوار و کۆرتوادا بوو’.
دیكلان رایس لە خولەکەکانی 58 و 70 بە دوو لێدانی راستەوخۆ دوو گۆڵی بۆ ئارسیناڵ کرد کە گۆڵی یەکەمی بە شووتێک بە خێرایی 96 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تۆمارکرد و گۆڵی دووەمیشی بە خێرایی 106 کیلۆ مەتر لە کاتژمێرێک تۆمارکرد.
رایس بووە پێنجەم یاریزان لە مێژووی چامپیۆنزلیگ لە یارییەکدا دوو گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ بکات، پێشتر ریڤاڵدۆ و نێیمار و کریستیانۆ رۆناڵدۆ حەکیم زیاش بە لێدانی راستەوخۆ لە یارییەکدا دوو گۆڵیان کردووە.