
یاریگا –
وادەی گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ یاریگای کامپ نو یەکلایی دەکرێتەوە و یانە کاتالوونییەکە لەم ساڵ دەگەڕێتەوە یاریگا مێژووییەکەی.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو بارسێلۆنا لە دادگا کەیسێکی بردووەتەوە، کە لەمەودوا رێگەیان پێدەدرێت 24 کاتژمێر بە بەردەوامی لە یاریگاکە کار بکەن، بەڵام پشتر بۆیان نەبوو لە رۆژێکدا لە 12 کاتژمێر زیاتر کار بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی تۆڕە ئیسپانییەکە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو خێراتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت بارسێلۆنا لە مانگی “نۆ” ئەیلولی ئەمساڵ بگەڕێتەوە کامپ نو.
پێشتر وابڕیاربوو مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو کامپ نو میوانداریی یارییەکان بکاتەوە، دواتر سەرەتای ئەمساڵ وەکو دواوادەی تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە راگەیاندرا، دوای ئەوەش وابڕیاربوو مانگی مایۆی داهاتوو یاریگاکە بکرێتەوە و بارسێلۆنا لەو یاریگایە یاریی کلاسیکۆ بکات، بەڵام دواتر ئەو وادەیەش گۆڕا و ئاشکراکرا تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026 بەڕووی هاندەران ناکرێتەوە.
بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە لەمەودوا بەشێوەی 24 کاتژمێری کاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە دەکرێت و کارەکان خێراتردەبن، چەند مانگێک زووتر یاریگاکە بەڕووی هاندەران دەکرێتەوە و لە مانگی ئەیلوول لە یەکەم یاریی جامی خوان گامبەری تیادا بەڕێوەدەچێت.
هاوکات رێلێڤۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوشێوەی ریال مەدرید لە رابردوودا، بارسێلۆنا داوای لە لالیگا کردووە، چەند یارییەکەی سەرەتای وەرزی داهاتووی لالیگا لەدەرەوەی یاریگای خۆی بکات تاوەکو کامپ نو بۆ یاریکردن ئامادە دەبێت.