
یاریگا –
نەشئەت ئەکرەم هێرشێکی تووند دەکاتە سەر کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و دەڵێت پێویستە ئاکام هاشم بە سەرەکی یاریی بکات.
هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی کیشوەری ئاسیا لە خاکی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوەیت 2 _ 2 یەکسان بوو، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە نەشئەت ئەکرەم ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە وەک شیکەرەوە لە کەناڵی کاسی قەتەڕی ئامادەبوو، رەخنەی تووندی ئاراستەی کاساسی راهێنەر کرد و بەرگریشی لە ئاکام هاشم کرد، نەشئەت دوای یارییەکە گوتی:
دانانی ئیبراهیم بایش لە کورسی یەدەگ سزادانی هەڵبژاردەی عێراق بوو نەک یاریزانەکە، یاریزانێک لە یەدەگ بانگهێشتکراوە و بە سەرەکیش یاریی پێدەکەیت ئەمە لێکدانەوەی بۆ ناکرێت، رێبین سۆلاقا ساڵێک زیاترە ئاستی باش نیە و یارییشی پێدەکەیت، تۆ ناوتوانی دادپەروەری بکەیت چونکە ئاکام هاشم شایستەی پێکهاتەی سەرەکیە نەک یەدەگ، پێویستە پێداچوونەوەی تەواو بکەیت با هەڵبژاردەکە لەوە زیاتر دوا نەکەوێت.
نەشئەت رەخنە لە رێبین سۆلاقا یاریزانی هەولێریش دەگرێت و دەڵێت ساڵێک زیاترە ئاستی دابەزیوە و پێویستە دەرفەت بە یاریزانەکانی تر بدرێت، لەم یارییەش گۆڵی یەکەم لە ئەستۆی ئەودابوو، یاریی یەکەمیش بەرامبەر هەمان هەڵبژاردە کارتی سووری وەرگرت.