رایان گیگز بە هۆکارێکی تایبەت چێشتخانەکەی دادەخرێت

یاریگا –
چێشتخانە بەناوبانگەکەی رایان گیگز لە مانچێستەر، بەهۆی قەرزە زۆرەکانییەوە داخرا.
چێشتخانە و کافتریای (George’s Dining Room) لە ساڵی 2014 لەلایەن گیگز و دوو هاوپۆلی کۆنیەوە کرایەوە، بەڵام ئەمساڵ لە کۆتایی مانگی شوباتدا داخرا. کڕیارەکان بەهۆی داخستنی لەناکاوی چێشتخانەکە سەریان لێ شێوا، چونکە بە تابلۆیەک لەسەر دەرگای پێشوازی نووسرابوو چێشتخانەکە “بەهۆی بارودۆخێکی پێشبینینەکراوەوە” داخراوە. ئەم شوێنە هەرگیز ناکرێتەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیل ئاماژە بەوەدەکات کە چێشتخانەکە بە قەرزی 563 هەزار و 600 پاوەند مایەپووچ بووە. تەنانەت سەرەتای ئەم مانگە ئەو کۆمپانیایەی کە رایان گیگز و هاوڕێکانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان و چیشتخانەکەیان کردبوویانەوە، داخرا.
سەرەتا بە کڕیارەکان گوترا کە چیشتخانەکە بۆ کۆتایی هەفتە دادەخرێت، بەڵام ئەو نامانەی کە لە کاتی داخستنیدا بۆ ستافەکان نێردراوە پێچەوانەی ئەم قسەیە بوون. پەیامەکان بە کارمەندەکانیان گوتووە کە بەڕێوەبەرایەتی “بەداخەوە دەبێت رایبگەیەنێت کە هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە داخستنی دەستبەجێی چیشتخانەکە.”
رایان گیگز یەکێک لە خەونەکانی ژیانی بەدیهێنا بە کردنەوەی ئەم چێشتخانەیە لە ساڵی 2014 شانبەشانی هاوڕێ کۆنەکانی لە قوتابخانە. بەڵام دواجار بە هۆی نەدانەوەی قەرزەکانی مایەپووچ بوو و بە ناچاری چێشتخانەکەی داخست.