
یاریگا –
بەهمەن مەعسووم، یاریزانی سیروانی نوێ بە باشترین یاریزانی گەڕی 23ی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، کە هەفتانە تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین یاریزانی هەر گەڕێکی خولەکە هەڵدەبژێرێت.
بەهمەنی تەمەن 27 ساڵان، هەڵگری وڵاتینامەی ئێرانە و لە گێمی دووەمی یاریی نێوان سیروانی نوێ و هەولێر بەشداریکرد و لە ماوەی تەنیا 45 خوولەکدا، دوو گۆڵی بۆ تیمەکەی کرد، دوو گۆڵەکەی بەهمەن بە ئەسیستی یاریزانان پێشەوا حەبیب و دیار عەلی بوون.
مەعسووم لە 10ی یەنایەر/کانوونی دووەمی رابردوو لە یانەی شەقڵاوەوە پەیوەندی بە سیروانی نوێکرد و لەم وەرزەدا خاوەنی دوو گۆڵ و ئەسیستێکە و کاتێکی زەردی هەیە.
سیروانی نوێ یارییەکەی 3-0 لە هەولێر بردەوە و ئەیاد دیاری گۆڵەکەی دیکەی سیروانی نوێیکرد. یانەکەی سلێمانی بەم بردنەوەیە خۆی گەیاندە پلەی شەشەمی ریزبەندی گشتی.