ئیسپانیاگرنگترین

سەرۆکی لالیگا جارێکی دیکە ریال مەدرید بە چەواشەکاری تۆمەتبار دەکات

ئەمە شتێکی نامۆ نییە و یەکەمجار نییە روودەدات....

Yariga App

یاریگا –

مشتومڕەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کات و رێککەوتی یارییەکەی نێوان ڤیاڕیال و ریال مەدرید بەردەوامن و ئەمجارە خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا بە توندی وەڵامی مەدریدی دایەوە.

دوێنێ دووشەممە، رۆژنامەی مارکا بڵاویکردبووەوە، کۆمەڵەی لالیگا رەتیدەکاتەوە، ریال مەدرید داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیاڵ کردبێت، لەکاتێکدا کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤیاڕیال گوتی ‘دوو جار داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەمان کردووە، چیدیکە ئامادە نین پشووی نێوان دوو یارییمان لە 72 کاتژمێر کەمتر بێت، یاریی بکەین’.

کۆمەڵەی لالیگا بە رۆژنامەی مارکای راگەیاندبوو

لەوەتەی رۆژی 25ـی فێبرایەر/شوبات کاتی یارییەکەی ریال مەدرید و ڤیاڕیالمان راگەیاندووە، ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی نەکردووە، پێشتر زۆر جار ریال مەدرید داوای گۆڕینی کاتی یارییەکانی کردووە و داواکارییەکانمان بۆ بەجێگەیاندوون، بەڵام هەبوونی 72 کاتژمێر لە نێوان دوو یاریی مەرج نییە، بەڵکو ئێمە لە لالیگا ئەم مەودایەمان لە نێوان دوو یاریی یانەیەک کردووەتە پێویستی.

خاڤیێر تێباس لە پۆستێکی پلاتفۆڕمی ئێکس جارێکی دیکە بابەتەکەی روونکردەوە

14 ساڵ زیاترە، پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا لە رۆژانی پێنجشەممە دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە تەواوی یانەکانی ئەوروپا، یارییەکانیان لە رۆژانی یەکشەممە کردووە، واتە 72 کاتژمێر لە نێوان هەردوو یارییەکە دیاریکراوە.

چی روویداوە؟

ریال مەدرید رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووەوە و دوای سێ رۆژ، دوێنێ شەممە لە لالیگا بووە میوانی ڤیاڕیال، ئەمەش بووە جێگای ناڕەزایەتی یاریزانان و راهێنەری ریال مەدرید.

ساڵی رابردوو کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆی وادەی یارییەکی لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو پەنای بردە بەر دادگا و داوای گۆڕینی کاتی یارییەکەی کرد، دادگای وەرزشی بڕیاریدا مەرجە هەر یانەیەک بۆ ماوەی سێ رۆژ پشووی لە نێوان دوو یاریی هەبێت، نەوەک 72 کاتژمێر.

ئەوەی بەسەر ریال مەدریددا هات، مانگی داهاتوو بەسەر بارسێلۆناشدا دێت، بلاوگرانا رۆژی چوارشەممە 9ـی مانگی داهاتوو رووبەڕووی بۆڕووسیا دۆرتموند دەبێتەوە، دواتر رۆژی شەممە 12ـی هەمان مانگ بەرامبەر لیگانێس یاریی دەکات، ئینجا رۆژی سێشەممە 15ـی ئەپرێل بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە یاریی دەکاتەوە.

کەناڵی فەرمی ریال مەدرید: ریال مەدرید 72 کاتژمێر پشووی پێنەدرێت یاریی ناکات

کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوای یارییەکەی ڤیاڕیال رایگەیاندووە :’ریال مەدرید 72 کاتژمێر پشووی پێنەدرێت یاریی ناکات، رێگا نادەین تیباس لالیگا ناشرین بکات’.

دوای یارییەکەی ڤیاڕیال کەناڵی ریال مەدرید ئاشکرایکرد، ئەمە دەبێتە دوایین یاریی ریال مەدرید، کەمتر لە 72 کاتژمێر پشووی هەبێت یاریی بکات، ریال مەدرید تەنیا 66 کاتژمێر پشووی هەبوو لە نێوان یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیال’.

کەناڵی یانە مەدریدییەکە داوای لە فیفاش کردووە، چیدیکە رێگا بەم جۆرە خشتانە نەدات، کە فیفا مانگی مارسی 2023 بەفەرمی رێنمایی ئاڕاستەی یانەکان و خولەکان کردووە و داوای لێکردوون هەر یاریزانێک پێش هەر یارییەک دەبێط 72 کاتژمێر پشووی هەبێت ئینجا یاریی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button