
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد پلانی زیادکردنی داهاتی دەستپێکردووە و نرخی بلیتەکانی وەرزی داهاتوو بەڕێژەی 5% زیاد دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕی 2.50 پاوەند بۆ هەر بلیتێکی تیمەکانی مانچێستەر یونایتد زیاد دەبێت، جگە لە تیمی ژێر 16 ساڵان نەبێت.
دوای 11 ساڵ لە دەستکاری نەکردنی نرخی بلیتی یارییەکان، مان یونایتد لە دوو وەرزی رابردوودا، نرخی بلیتەکانی بە هەمان رێژە بەرزکردەوە و بۆ وەرزی داهاتووش، 5% زیاد دەکات.
عومەر بێرادا، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە
باش دەزانین، پێشوازی لە بەرزکردنەوەی نرخی بلیتەکان ناکرێت، بەتایبەت ئێستا ئاستی یانەکە خراپە، بەڵام بە وردی گوێمان لە گفتوگۆکان گرت و راوێژمان بە بۆردی راوێژکاری هاندەرانیش کرد. لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو بڕوایەی، بەهۆی زیادبوونی خەرجی و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان، بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، بڕیاری زیادکردنی نرخی بلیتەکانماندا.
مانچێستەر یونایتد ئێستا لە پلەی 13ی پرێمەرلیگدا دێت و لە سەرەتای ئەم مانگە، گردبوونەوەیەکی گەورەی هاندەران لە بەردەم ئۆڵدترافۆرد لە دژی خاوەنانی یانەکە بەڕێوەچوو.
شەیتانە سوورەکان لە مانگی رابردوودا، نزیکەی 200 کەسی لە یانەکە بەڕێکرد، لە کاتێکدا پلانێکی گەورەی بۆ دروستکردنی یاریگایەک داڕێشتووە کە تێچووەکەی دەگاتە 2 ملیار پاوەند.