
یاریگا –
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پەیامێكی دەربارەی ئامادەنەبوونی لە دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەكەی بڵاوكردەوە.
دوێنێ لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی هەڵبژاردەكەی بۆ دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەكانی جامی جیهانی بڵاوكردەوە و لە لیستەكەدا بەهۆی پێكانەوە لیۆنێل مێسی دوورخراوەتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە جامی جیهانی كیشوەری ئەمریكای باشوور رووبەرووی هەردوو هەڵبژاردەی ئوروگوای و بەڕازیل ببێتەوە.
لە دوای دوورخستنەوەی ئەفسانە لیۆ پەیامێكی لە رێگەی ستۆری ئینستاگرامەوە بڵاوكردەوە و لە پەیامەكەیدا هاتووە:
دڵتەنگم كە لەو دوو یارییە گرنگە بەرامبەر ئوروگوای و بەڕازیل بێبەش دەبم، بەڕاستی دەمویست لەوێ بم و یاریی بكەم، بەڵام لە كۆتا ساتەكاندا تووشی پێكانێک بووم كە قورس نییە بەڵام ناچاریكردم بۆ ماوەیەک پشوو وەربگرم، ئەوەش وایكرد نەتوانم بەشداری بكەم، لێرەوە وەک هەر هاندەرێكی دیكە پاڵپشتی هەڵبژاردەكەم دەكەم، بژی ئەرجەنتین.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پێشەنگی ریزبەندی پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە جامی جیهانی كیشوەری ئەمریكای باشوور دێت.