ناوی یاریگایەکی مێژوویی دەگۆڕدرێت
پێلێ و ماڕادۆنا بیرەوەری تایبەتییان لە یاریگاکەدا هەبوو

یاریگا –
بەهۆکاری سپۆنسەرییەوە، ناوی یاریگای مێژوویی ئازتیکا لە مەکسیکۆ سیتی دەگۆڕدرێت.
دوای رێککەوتنی سەرپەرشتیکارانی یاریگاکە لەگەڵ بانکێکی دیاری مەکسیک، ناوی یاریگاکە بە ناوی بانۆرتێ دەکرێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە بێت، بانکی بانۆرتێ بڕی 113 ملیۆن پاوەند بۆ پێشخستن و مۆدێرنکردنی یاریگاکە خەرج دەکات. بڕیارە پێنج یاریی مۆندیالی 2026 لە یاریگاکە بکرێن.
یاریگای ئازتیکا یەکێکە لە دیارترین یاریگاکانی جیهان و پێشتر پێلێ و دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا، جامی مۆندیالییان لەو یاریگایە بەرزکردووەتەوە.
وردەکاری نوێکردنەوەی یاریگاکە
بەردەوامی: تێکنۆلۆجیای دۆستی ژینگە لە نوێکردنەوەی یاریگاکە بەکاردەهێندرێت.
پەیوەندی: ژێرخانی تێکنۆلۆجی یاریگایەکە بە تەواوی نوێدەکرێت و تۆڕێکی فراوانی وای فای خێرا دادەندرێت.
ئەزموونی ئامادەبوو: تەواوی کورسی یاریگاکە نوێدەکرێنەوە و شوێنی چێشتخانەکان فراوان دەکرێت، جیا لەمەش شاشەی گەورە لە یاریگاکە دادەندرێن.
بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، یانەی کڵەب ئەمێریکا لە ساڵی 2024ەوە یاریی لە یاریگاکەدا نەکردووە.