هیلال ئۆفەر پێشکەشی دوو ئەستێرەی گەورەی لیڤەرپوول و بارسێلۆنا دەکات
رۆژنامەی لیکیپ دوایین پەرەسەندنەکان دەخاتەڕوو

یاریگا –
ڤیرجیڵ ڤان دایک، بەرگریکاری لیڤەرپوول ئۆفەرێکی گەورەی لە سعوودیە پێگەیشتووە و لەوانەیە ئانفیڵد جێبهێڵێت.
تەنیا رۆژێک دوای دۆڕانی لیڤەرپوول بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، هیلال ئۆفەرێکی بەبڕی 20 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ڤان دایک کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی کۆتایی نەداوەتەوە و سەرنجی لەسەر لیڤەرپوول داناوە.
بەرگریکاری 33 ساڵان لە دوا لێدوانیدا هەمووانی شۆک کرد و دووپاتیکردەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە لیڤەرپوول رووی نەداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە فەڕەنسییەکە بێت، هیلال ئۆفەرێکی گەورەی پێشکەشی رافینیا، ئەستێرەی بارسێلۆنا کردووە، بەڵام دەستبەجێ بە نەخێر وەڵام دراوەتەوە.
تیمەکەی ڤان دایک، یەکشەممە لە یاریی کۆتایی جامی کاراباو لە یاریگای وێمبڵی رووبەڕووی نیوکاسڵ یونایتد دەبێتەوە.