کاتی ماڵئاوایی گولەر و چەند یانەیەک چاوەڕێی دەکەن
گولەر هیوای بە کارلۆ ئانچێلۆتی نەماوە

یاریگا –
گومانێکی زۆر لەسەر بەردەوامبوونی ئاردا گولەر لە ریال مەدرید هەیە.
تاوەکو ئێستا گولەر نەیتوانیوە خۆی بۆ کارلۆ ئانچێلۆتی بسەلمێنێت، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سپۆرت، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئانچێلۆتی، گولەر بڕیاریداوە ریال مەدرید جێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، کە زۆرترین کاتی یارییکردنی پێبدرێت.
گولەر لە هاوینی ساڵی 2023 لە فەنەرباچێی تورکییەوە پەیوەندی بە مەدرید کرد، بەڵام نەیتوانیوە شوێنێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئانچێلۆتی بەدەستبهێنێت.
یاریزانی تەمەن 18 ساڵان بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی لاوی ئەوروپا هەژمار دەکرێت و بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە بێت، ئەیسی میلان و ئینتەر میلان ئامادەن گولەر بگوازنەوە ریزەکانیان.
میلان لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گولەر دەکات، هەروەها ئێنتراخت فڕانکفورت ئامادەیە بچێتە نێو رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی واژۆی گولەر.
ئەمشەو ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ریاز ئێر مێترۆپۆلیتانۆ رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە.