سێ یانەی گەورە هەوڵی گواستنەوەی جۆب بێڵینگهام دەدەن
ئەم هاوینە یەکلایی دەبێتەوە...

یاریگا –
چێڵسی لەندەنی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی جۆب بێڵینگهام دەستپێدەکات.
جۆب بێڵینگهام برای بچوکی جود بێڵینگهامی ئەستێرەی ریال مەدریدە و یاریی بۆ سەندەرلاندی ئینگلیزی دەکات. رێچکەی برا گەورەکەی گرتووە و بەهۆی ئاستە بەرزەکەی سەرنجی زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپای بەلای خۆیدا راکێشاوە.
هاوکات متمانەی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕای بەدەستهێناوە و لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی وڵاتەکەی جێگەی خۆی کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دەیلی مەیل، چێڵسی لەسەر داوای ئێنزۆ مارێسکا، یاریزانەکەیان کردووەتە ئامانج و ئۆفەرێک بۆ گواستنەوەی ئامادە دەکەن. بلوز دەیەوێت هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ بێڵینگهام واژۆ بکات.
بەڵام یانە لەندەنییەکە بێرکابەر نییە، بۆڕووسیا دۆرتمونیدش چاوی لەسەر یاریزانەکەیە و ئارەزووی گواستنەوەی دەکات، دەیەوێت هاوشێوەی جودی برای، درێسی زەرد و ڕەش بە بەری جۆبیشدا بکات.
هەر لە ئەڵمانیا رکابەرێکی دیکە هەیە، لەسەر خواستی چابی ئاڵۆنسۆ، بایر لیڤەرکوزنیش لەنزیکەوە چاودێری جۆبی کردووە و خۆی بۆ گواستنەوەی ئامادە دەکات. بەڵام سەندەرلاندیش دەیەوێت پارێزگاری لێ بکات.
سەندەرلاند لەم وەرزەی چامپیۆنشیپ بە کۆکردنەوەی 68 خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە و 8 خاڵ لە لێدز یونایتدی پێشەنگ دوورە، بەگوێرەی ریزبەندیی ئێستا، بۆ گەیشتن بە وەرزی داهاتووی پرێمەرلیگ پێویستە لە قۆناخی پلەی ئۆف سەرکەوتوو بێت.
بەڵام ئەگەر بۆ پرێمەرلیگ سەرنەکەوێت پێشبینی دەکرێت جۆب بێڵینگهام یانەکە جێبهێڵێت، کە بەهای ئێستای یاریزانەکە لە بۆڕسە 40 ملیۆن یۆرۆیە. بەگوێرەی کێبڕکێی یانە بەهێزەکانیش دەکرێت لە هاوینی داهاتوو نرخی زیاتر ببێت.
جۆب لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی بەشداریی 32 یاریی کردووە. 4 گۆڵی کردووە و 3 گۆڵی دروستکردووە.
