
یاریگا –
لیاندرۆ پاریدێس، یاریزانی ئەرجەنتینی رووداوێکی سەرنجڕاکێش و سەیری خۆی لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئاشکرا دەکات.
پاریدێس، یاریزانی ناوەڕاستی رۆما لە ساڵی 2022 پێکەوە یارییان بۆ پاریس سانجێرمان کرد و پەیوەندی دۆستایەتییان فراوانتر بوو.
بەڵام لە یاریی نێوان بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگی 2021، پەیوەندی نێوانیان بەتەواوی تێکچوو.
لە یاریی چووندا، پاریس بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە بارسێلۆنای بردەوە، کیلیان ئێمباپێ سێ گۆڵی یارییەکەی کرد و مۆیس کین، گۆڵی چوارەمی کرد، کەچی لیۆنێل مێسی تاکە گۆڵی بارسای بە لێدانی سزاکرد.
لە دوای گۆڵی دووەمی یارییەکە، پاریدێس بە توانج هانی هاوتیمەکانیدا، ئەمەش مێسی تووڕەکرد، چونکە ئەوکاتە یارییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچوو و دەنگی هەموو یاریزانێک دەبیسترا.
پاریدێس ئاگاداری ئەوەنەبوو مێسی گوێی لە قسەکانی بووە و ئەم قسانەش دەبنە هۆکاری دروستکردنی برینێک لە پەیوەندی نێوانیان.
پاریدێس لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی Infobay روونیکردەوە
بۆ ماوەی سێ مانگ قسەمان نەکرد، بەڕاستی ماوەیەکی زۆر قورسبوو بۆ من. رۆژی دوای یارییەکە پەیامێکم بۆ نارد، دواتر دوای 15 رۆژ پێم گوت؛ قسەکانم ئاڕاستەی تۆ نەکرابوون، مەبەستم سووکایەتیکردن نەبووە بە تۆ، بەڵام هەر وەڵامی نەدامەوە و ئەم دۆخە بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو.
کێشەکان لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چارەسەرکران، هەرچەندە پاریدێس پێشبینی کاردانەوەیەکی توندی مێسی دەکرد، بەڵام دەڵێت
خەریکی شووشتنی ددانەکانم بووم، مێسی هاتە ژوورەکەم و ئاوی بەسەردا پڕژاندم و پێی گوتم، ئەمە بۆ بەخەبەری، ئێستا کاتی خەو نییە؟