ڤان پێرسی چی بۆ یاریزانانی موسڵمان لە رەمەزاندا کردووە؟
پێرسی زۆر شت لەبەرچاو دەگرێت

یاریگا –
رۆبن ڤان پێرسی، راهێنەری فاینۆرد چەندین ئاسانکاری بۆ یاریزانانی موسڵمانی یانەکەی دەکات.
ڤان پێرسی ستراتیجیەتێکی روونی بۆ یاریزانانی داناوە، تاوەکو یاریزانان ئەرکی ئایینی و وەرزشی لە مانگی رەمەزاندا بەتەواوی بەجێبگەیەنن.
هەریەکە لە ئەنیس حاج موسا، ئیبراهیم عوسمان، ئیبراهیم تارجالین، رامز زرووقی و ئەیمەن سلێتی یاریزانی موسڵمانی فاینۆردن.
ڤان پێرسی لە لێدوانێکیدا روونیکردەوە، رەمەزان لە پلانەکانیدا جێی دەبێتەوە
پێنج یاریزانمان هەیە بەڕۆژوو دەبن، ئێمەش لەم ماوەیەدا ئاسانکاری پێویست و تەواویان بۆ دەکەین.
دەکرێت درەنگ ئامادەی مەشقەکان بن و زووتر بچنەوە، تاوەکو بتوانن کات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان بەسەرببەن. ئەمەش هیچ کاریگەری لەسەر سەرنجی ئێمە و ئامادەکارییەکانمان بۆ یارییەکان ناکات. بەڵکو زیاتر لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەدەبن.
ڤان پێرسی خشتەی مەشقەکانی بۆ گونجاندنی لەگەڵ مانگی رەمەزان گۆڕیوە، بۆ ئەوەی یاریزانان بتوانن بەبێ کێشەی گەورە بەڕۆژوو بن. زۆربەی مەشقە قورسەکان لە کاتی رۆژدا ناکرێن، بەڵکو لە دوای بەربانگ یاریزانان مەشقە قورسەکان دەکەن.
فاینۆرد لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی هۆڵەندی بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ دێت.