
یاریگا –
بارسێلۆنا ئەم وەرزە ناتوانێت بگەڕێتەوە یاریگای کامپ نوو، تەنانەت لەوانەیە تاوەکو ساڵی داهاتوو دەرگای یاریگاکە بەڕووی یارییەکانی بلاوگرانادا نەکرێتەوە، لەکاتێکدا وابڕیاربوو دوو مانگی دیکە بارسا لەو یاریگایە یاریی کلاسیکۆ بکات.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەم وەرزە بارسێلۆنا ناتوانێت لە یاریگای کامپ نوو یاریی بکات، چونکە هێشتا پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە تەواو نەبووە و کاتێکی زۆری ماوە بۆ ئەوەی لە رووی سەلامەتییەوە مۆڵەتی پێبدرێت.
پێشتر وابڕیاربوو مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو کامپ نوو میوانداریی یارییەکان بکاتەوە، دواتر سەرەتای ئەمساڵ وەکو دواوادەی تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە راگەیاندرا، ئەمجارەیان وابڕیاربوو مانگی مایۆی داهاتوو یاریگاکە بکرێتەوە و بارسێلۆنا لەو یاریگایە یاریی کلاسیکۆ بکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان یاریگاکە تاوەکو وەرزی داهاتوو بەردەست نابێت.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆ راشیگەیاندووە، بەلایەنی کەمەوە تاوەکو مانگی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ئەمساڵ یاریگای کامپ نوو ئامادە نابێت، لەوانەیە یاریگاکە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026 بەڕووی هاندەران نەکرێتەوە، کە کۆمەڵێک بەشی نوێ ا پلانی نوێ وایکردووە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە درێژە بخایەنێت.
🏟️ Camp Nou, capítulo cerrado: ¿Qué pasa con las obras del Estadi?
💥 Esta temporada no habrá ningún partido en el estadio del FC Barcelona… y es difícil saber si el próximo curso podrá empezarse en el Estadi
🔴 IMÁGENES SPORT pic.twitter.com/g5zOLyW7Js
— Diario SPORT (@sport) March 5, 2025
دواکەوتنی کرانەوەی یاریگای کامپ نوو 28 ملیۆن یۆرۆ زیان بە بارسێلۆنا دەگەیەنێت، کە بلاوگرانا دەیەوێت لە قۆناخی یەکەمدا یاریگاکە توانای میواندرایکردنی 60 هەزار هاندەری هەبێت، بەڵام کواڵێتی کۆنتڕۆڵ هەروا بە ئاسانی گڵۆپی سەوز بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان لە یاریگای کامپ نوو هەڵ ناکەن، چونکە هێشتا لە سەلامەتی هاندەران دڵنیا نین.
یاریگای کامپ نوو ساڵی 1957 دروستکراوە و هاوینی 2022 دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا کە ناوی یاریگاکە کراوەتە سپۆتیفای کامپ نوو.