
یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر خەونی سعوودییەکان لەباردەبات و مانەوەی لە ریال مەدرید راگەیاند.
لە مێرکاتۆکانی رابردوودا ڤینیسیۆس بووبووە ئامانجێکی گەورەی بەرپرسانی سعوودیە و بە چەندین ئۆفەری جیاوازەوە هەوڵی رازیکردنی ئەستێرە بەڕازیلییەکەیان دەدا بۆ پەلکێشکردنی بەرەو خولی وڵاتەکەیان. ئەوەش گومانی لەسەر داهاتووی ڤینی دروستکردبوو کە ئەستەمە بتوانێ لەبەرامبەر پارە خەیاڵییەکەی وڵاتەکەی کەنداودا خۆی رابگرێت.
بەڵام لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یاریەکەی سبەی شەویان لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، ڤینیسیۆس بەردێکی خستە سەر بابەتەکە و بە یەکجاریی سعوودییەکانی لە مانەوەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێهێواکرد و وتی
من ئێستا زۆز ئارامم چونکە گرێبەستەکە تا ساڵی 2027 دەخایەنێت. هیواداریشم هەرچی زووە نوێی بکەمەوە چونکە لێرە دڵخۆشم.
لەبارەی هاوتیم، راهێنەر و دانیشتوانی مەدریدیشەوە وتی
من بە یاریکردن لەپاڵ ئەو باشترین یاریزانانەی جیهاندا لەگەڵ خەونەکانمدا دەژیم. باشترین راهێنەر، باشترین دانیشتوان و باشترین هاندەر. لێرە هەمووان منیان خۆشدەوێت، بۆیە شوێنێک نیە لێرە بە باشتری بزانم.
هێرشبەرە 24 ساڵانەکە لە 2018 لە یانەی فلامینگۆی وڵاتەکەیەوە گواسترایەوە بۆ مەدرید. تا ئێستا چەندین نازناوی لەگەڵ شاهانەکان بردووەتەوە؛ دیارترینیان سێ نازناوی لالیگا و دوو چامپیۆنزلیگە.
لە درێژەی قسەکانیشیدا ئەوەی جەخت لێکردەوە کە ئەو لە ریال ئامانجێکی گەورەتری هەیە وەک لە بیرکردنەوە لە پارەی سعوودیەکان
من دەمەوێ لەگەڵ ریال مێژوو دروست بکەم. دەمەوێ ببمە ئەفسانەیەکی یانەکە.