ئیسپانیاگرنگترین

پێنج هۆکاری له‌ پشت دابەزینی ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆره‌

Yariga App

یاریگا –

ئاماره‌ نوێیه‌كان ئاماژه‌ به‌ دابه‌زینی ئاستی ڤینیسۆس جۆنیۆری به‌رازیلی ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هانده‌ران و كارگێری یانه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

دوای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر له‌لایه‌ن رۆدری ئه‌ستێره‌ی مانچێسته‌ر سیتی ڤینی تویتێکی كرد و رایگه‌یاند، دە هێندەی پێشوو ئاستی باشتر پێشکەش دەکات،به‌ڵام  پێدەچێت دۆخه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووبێت.

ژمارەکان ئاماژه‌ به‌ خراپی ئاستی ڤینی ده‌كه‌ن پێش ئەم لێدوانە، تێکڕای بەشداریکردنی ڤینیسیۆس لە هەر یارییەکدا بە 0.87 مەزەندە دەکرا، كه‌ ژمارەیەکه‌ ته‌نها ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كان ده‌توانن تۆماری بكه‌ن، بەڵام له‌ دوای ئەم لێدوانە، پێچه‌وانه‌ بوو چونکە رێژەی بەشداریکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ 0.71 بەشداریکردن لە هەر یارییەکدا.

دابه‌زینی ئه‌م ئاسته‌ ئه‌گه‌ر بۆ هەندێک کەس شتێکی بچووک بێت، به‌ڵام نیشانەی پرسیار لەسەر هۆکارەکانی پشت ئەم دابەزینە لە ئاستی یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێدا دروست ده‌كات.


پێنج هۆكار هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌كه‌ هه‌بووه‌ لێره‌ تیشكیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.

 1. ئه‌و گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌ی له‌ سعودیە پێشكه‌شی كرا

ئەو ئۆفه‌ره‌ گه‌وره‌ی له‌ خولی سعودیەوە پێشكه‌شی ڤینیسۆس كراوه‌ ناتوانرێت چاوپۆشی لێبكرێت و کاریگەری لەسەر  دەروونی یاریزانەکه‌ كردووه‌، به‌هۆی گرێبه‌سته‌كه‌ گه‌وره‌كان و راكێشانی ئه‌ستێره‌ گه‌وره‌كانی تۆپی پێ بۆ ئه‌م خوله‌، بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ زۆرێک لە یاریزانان.

راستە ڤینی په‌یوه‌ندی به‌ خولی سعودیە نه‌كرد، بەڵام  بوونی ئەو ئۆفەر و توانا داراییە گەورەیەی یانەکانی سعودیە پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، دەتوانێت دۆخێکی ناسه‌قامگیر له‌ دەروونی یاریزانەکە دروست بکات.

2-  ئاستی ئێمباپێ دەگاتە لوتکە

هه‌مووان شاهێدی درەوشاوەیی ئاستی ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێین، کە زۆرێک به‌ جێگره‌وه‌ی کریستیانۆ رۆناڵدۆی داده‌نێن.

گه‌یشتنی ئێمباپێ بۆ لوتکەی ئاستی، ئه‌و ئاستە سەرنجڕاکێشەکەی لە هەموو یارییەکدا نیشانی ده‌دات، جۆرێک لە کێبڕکێی ناڕاستەوخۆ لە نێوان كیلیان و ڤینی دروست دەکات.

کاتێک ڤینیسیۆس دەبینێت یاریزانێکی دیکە بەم شێوازە سەرنجڕاکێشە دەدرەوشێتەوە، لەوانەیە هەست بە فشاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات ئه‌مه‌ش فشاری له‌سه‌ر دروست ده‌كات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌روونی یاریزانه‌كه‌ ده‌بێت.

ئەم فشارە هەرچەندە هاندانێكی ئەرێنی بێت، بەڵام هەندێکجار دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی نەرێنی کە کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانەکە دەبێت و تووشی دڵەڕاوکێی دەکات، کە دەبێتە هۆی هەڵەکردن و دابەزینی ئاستی.


3- دابه‌زینی ئاستی ریال مه‌درید به‌شێوه‌یه‌كی گشتی

ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆر ناتوانرێت لە ئاستی تیپەکەی جیابکرێتەوە، بە گشتی تۆپی پێ یارییەکی به‌ كۆمه‌ڵه‌ و درەوشاوەیی هەر یاریزانێک بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە سیستەمی تیپەکە بە گشتی.

لەم دواییانەدا یانەی ریال مەدرید ئاستی وه‌ك پێویست نه‌بووه‌، هه‌موو یارییه‌ك وه‌ك پێویست ده‌رناكه‌وێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر یاریزانه‌كان دروست ده‌كات ئەستەمە بۆ هەر یاریزانێک، تەنانەت ئەگەر بەهرەی ڤینیسیۆسیشی هەبێت، بتوانێت باشترینی خۆی بدات.

ئاستی نزمیی هاوڕێکانی و نەبوونی پاڵپشتی و هاوکاریی پێویست، چانسی درەوشاوەیی ڤینیسیۆس و جیاوازی دروستکردن کەمدەکاتەوە و دابەزینی ئاستی تیپه‌كه‌ به‌ گشتی له‌وانه‌یه‌ کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی یاریزانەکان بە گشتی هەبێت، هه‌روه‌ها کەشێکی بێهیوایی دروست ده‌کات. کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی تاک و كۆمه‌ڵ هه‌بێت.

4 – زیادبوونی ململانێ و ناکۆکی

ڤینیسیوس بە کەسایەتی شه‌ڕانگێز و مشتومڕاوی ناسراوە، ئەمەش وای لێدەکات زۆرجار تووشی ململانێ و شەڕ لەگەڵ هاندەرانی یانە رکابەرەکان و یاریزانانی تیپەکانی دیکە بێت.

یاریزانە بەڕازیلییەکە بەردەوام دروشمی رەگەزپەرستانە و سووکایەتیی له‌لایه‌ن هاندەرانی تیپی بەرامبەری ئاراسته‌ ده‌كرێت، هەروەها لە کاتی یارییەکاندا لەگەڵ یاریزانانی تیپەکانی دیکە تووشی پێکدادان و شەڕ دەبێت.

ئەم ململانێیە دووبارەبووانە، چ لەگەڵ هاندەران یان یاریزانان، وزەی دەروونی یاریزانەکە به‌هه‌ده‌ر ده‌دات، وا دەکات سەرنجی لەسەر لایەنی تەکنیکی لە یاریگادا نەمێنێت.

ڤینیسیۆس لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر باشترکردنی ئاستی و پێشكه‌شكردنی باشترینی خۆی بێت، خۆی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی سووکایەتی و ململانێکان ده‌كات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی یاریزانه‌كه‌ دەبێت.

5. فشاری ئه‌و قسه‌ی دوای خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر گوتی 10 جار باشتر ده‌بم

ئەو فشارە گەورەیەی ڤینیسیۆس له‌و لێدوانەی دوای رێوره‌سمی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر گوتی 10 جار له‌ ئێستا باشتر ده‌بم، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

ئەم لێدوانە له‌وانه‌یه‌ مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ورەی خۆی و زیادکردنی متمانەی بەخۆی بووبێت، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ گۆڕا بۆ بارگرانییەکی قورس لەسەر شانی یاریزانه‌كه‌ بۆ جێ به‌جێكردنی به‌ڵینه‌كه‌ی.

راگەیاندنی ئالێنگارییه‌كی گه‌وره‌ بە ئاشکرا چاوەڕوانییەکی گەورە لەلایەن هاندەران و میدیاکانەوە دروست دەکات، هەروەها یاریزانەکە دەخاتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی ئەم چاوەڕوانیانە جێبەجێ بکات.

کاتێک یاریزانەکە ناتوانێت ئەم بەڵێنە گەورەیە جێبەجێ بکات، هەستەکانی بێزاری و شکست به‌سه‌ر یاریزانه‌كه‌ زاڵ ده‌بێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای کارکردن و متمانە بەخۆبوونی دەبێت.

ئەو فشارەی کە لەم لێدوانەدا دروست بووە، له‌وانه‌یه‌ یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت دابەزینی بەرچاوی یئاستی ڤینیسیۆس جونیۆر له‌م وه‌رزه‌.

بابەتی زیاتر

Back to top button