راهێنەری رزگاری هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
رزگاری لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە و راهێنەری تیپەکەش هۆکارەکانی ئاشکرا دەکات.
لە دەسپێکی قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستانەوە رزگاری سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە و چوار یارییە دەناڵێنێت، ئەمڕۆش لە یاریگای خۆی لەگەڵ چوارقوڕنەی خاوەن ریزبەندی 13ـەم تووشی یەکسان بوون هات، تەنها لە جامی کوردستان بەرامبەر شێروانە براوە بوو و خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـەی خولەکە.
ئەنوەر رەشید راهێنەری رزگاری دەربارەی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە لە قۆناخی دووەمی خولەکە گوتی:
هەرچەندە لە قۆناخی دووەم بەشێوەیەکی باش و ئاستێکی بەرز یاریی دەکەین بەڵام بردنەوەمان نیە، هۆکاری سەرەکی ئەنجامەکانیشمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی یاریزانەکانمان تووشی پێکان هاتوون، ئەمڕۆ پێویست بوو سەربکەوین بەڵام لە گێمی دووەم بەهۆی کات کوشتنەوە یارییمان باش نەکرد، لە یاریی چوارقوڕنە بەشێک لە یاریزانەکان بە پێکانەوە یارییان کردووە، هەوڵدەدەین لە داهاتوو لەگەڵ گەڕانەوەی یاریزانەکانمان ئەنجامەکان باشتر بکەین و بەدڵی هاندەرانمان بێت.
رزگاری وێڕای ئەوەی 27 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەم دێت، بەڵام نزیکە لەگەڵ یانەکانی خوارەوەی ریزبەندی و مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر نەکردووە، هەرچەندە گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان کێبڕکێی وەرگرتنی ریزبەندی یەکەمی دەکرد.
لە گەڕی داهاتوو رزگاری چاوەڕوانە و گەڕی 22ـی خولەکەش لە هەولێر دەبێتە میوانی پیشەسازی.